وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە


وەزارەتی کارەبا رایگەیاند " کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا كاتییە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە".

وەزارەتی کارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ ی تشرینی دووەم لەروونکردنەوەیەکدا بڵاوی كردەوە" پێشبینی دەكەین ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ ٣٨٠٠ مێگاوات بەرز بێتەوە و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباش ئاسایی ببێتەوە".

لەو راگەیاندنەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بۆ ٥٠٠٠ مێگاوات، ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا نزم بووەتەوە.

دەربارەی هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە چەند رۆژی رابردودا رایگەیاند" وێستگەی بەرهەمهێنانی ١٦٥ مێگاواتیی گەرمیان بە مەبەستی فراوانکردنی وێستگەكە و دانانی چەند یەكەیەكی نوێ بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان بۆ ئاستی ٢٠٠ مێگاوات کارەبا ڕاوەستاوە، هەروەها راوەستانی ١٣٠ مێگاوات كارەبا لە هێڵی توركیاوە كە هیچ پەیوەندی بە وەزارەتی كارەبا و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە و راستەوخۆ لەلایەن توركیاوە بڕدراوە".

هەروەها هاتووشە" هەردوو یەكەی وێستگەی خەبات بەهۆی پرۆسەی چاككردنەوەوە راگیراون و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەگەڕ دەخرێنەوە".

ئەوە لە کاتێکدایە چەند رۆژێکە دۆخی پێدانی کارەبا خراپبووەو هاوڵاتیان سکاڵایەکی زۆریان لە کەمبوونەوەی پێدانی کارەبا هەیە.



PM:05:48:25/11/2021