مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگاکان ئیدانەی ئەو پێشێلكارییانە دەكەن، كە بەرامبەر بە خوێندكاران ئەنجام دەدرێت

لە ڕاگەیەندراوێکدا ژمارەیەک لە مامۆستای زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی کوردستان ئیدانەی ئەو پێشێلكارییانە دەكەن، كە بەرامبەر بە خوێندكاران ئەنجام دەدرێت و داواش لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم دەكەن بەدەم داواكاری خوێندكارانەوە بچن.

مامۆستایانى زانكۆ و پەیمانگا جیاوازه‌كانى هەرێمی كوردستان له‌ ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت دەکەن، کە به‌ زوترین كات لێپێچینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ بكات هێرشیان كرده‌ سه‌ر خوێندكاران و رۆژنامه‌نوسان، په‌رله‌مانى كوردستانیش كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نائاسایی سه‌باره‌ت به‌ داواكارى خوێندكاران ئه‌نجام بدات.

ئاماژە بەوەشکراوە، هه‌موو ڕێكخراوه‌ خوێندكارى و قوتابیه‌كان كۆده‌نگ و یه‌كده‌نگ بن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى شایسته‌ى دارایی و ده‌رماڵه‌ى خوێندكاران.

دەقی بەیاننامەکە:

بۆ بەڕێزان: سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتی پارلەمانی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت و رێكخراوە ناحكومیەكان

ئێمە وەك كۆمەڵێك لە مامۆستایانی بەشە جیاوازەكانی زانكۆو پەیمانگا و كۆلێژە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، وەك دەربڕینی هەستی بەرپرسیارێتی ئەكادیمیی و پیشەیی و پەروەردەی خۆمان، لەم بارودۆخەی ئێستا كە خوێندكارانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانی تێكەوتوون، ئیدانەی هەموو ئەو پێشێلكاریی و سوكایەتیانە دەكەین كە بەرانبەر بە خوێندكارە ئازیزەكانمان و حەرەمی زانكۆکان دەكرێن، چونكە ئەوان داینەمۆی بەگەڕخستنى بیر و هۆشیارى و ئایندەی ئەم وڵات و میللەتەن، ئەوان داوای مافی خۆیان دەكەن وەك هەر هاووڵاتیەكی دیكەی ئەم هەرێمە، ئەوانە لەدۆخێكی خراپی ئابووریدا دەژین، ئێمە لەنێو پۆلەكانی خوێندندا هەست بەترپە و لێدانەكانی دڵیان دەكەین و رۆژانە دەیانبینین، چونكە بەشێكی زۆری خوێندكارانی زانكۆ حكومییەكان، منداڵی هەژار و كەمدەرامەتی خێزانە بەش مەینەتەكانی ئەم وڵاتەن.

سەرەڕای هەموو ئەو پێشلكاریانەی كە بەرانبەر بە رۆژنامەنووسانى كەناڵە جیاوازەكانی راگەیاندن دەكرێت لە كاتی بەجێگەیاندنی ئەركە رۆژنامەنوسییەكانی خۆیاندا، ئەوان بڵندگۆی دەربڕینى هەستی شەقامن، بەڵام لە هەموو رووداوێكدا رووبەرووی مەترسی و لێدان و تەنانەت برینداكردنیش دەبنەوە، ئەوەش وایكردووە كە هەرێمی كوردستان بكەوێتە هێڵی سووری مەترسی رۆژنامەنووسان لەسەر ئاستی راپۆرتی رێكخراوە رۆژنامەنووسیەكانی جیهاندا. هەربۆیە داواكارین لە:

1- سەرۆكایەتی حكومەت كە بەزوترین كات، داوای لێپچینەوە لەهەموو ئەو هێز و لایەنانە بكات كە سوكایەتیان بە خوێندكاران و حەرەمی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و رۆژنامەنووسان كردووە لەكاتی بەئەنجامگەیاندنی كاری پیشەيیانەی خۆیاندا.

2- سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامانی پەرلەمان، كۆبوونەوەی نائاسایی خۆیان بۆ بەدواچوونی داواكاری خوێندكاران ئەنجام بدەن، بە لەبەرچاوگرتن و گوێگرتن لە خودی خوێندكاران لەنێو پەرلەمانی كوردستاندا.

3- وەزیری خوێندنی باڵا داوای لێپێچەنەوەی یاسایی لەهەموو ئەو هێز و لایەنانە بكات كە سوكایەتیان بە خوێندكاران كردووە، سەرەرای پشتگیری خۆی بۆ گەڕانەوەی دەرماڵە بۆ سەرجەم خوێندكارانی زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان.

4- هەموو رێكخراوە خوێندكارىی و قوتابیەكان كۆدەنگ و یەكدەنگ بن لە گەڕانەوەى شایستە داراییەكانی خوێندكاران، سەڕەرای ئیدانەكردنی توندى ئەو سوكایەتى و پێشلكاریانەی كە لەناو زانكۆ و لەسەر شەقام بەرامبەر بە خوێندكارانی زانكۆ كراوە.

تێبینی:

ئەمانەی خوارەوە ناوی بەشێک لەمامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستانن؛

ناوی ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگامنی هەرێمی كوردستان

١. پ.ی.د.هێمن مەجید لە زانكۆی سلێمانی

٢. پ.ی.د.صادق حمه‌غریب لە زانكۆی سەلاحەدین

٣. د.شوان ئادەم ئەیڤەس لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

٤. د.یادگار عەلی لەزانکۆی گەرمیان

٥. د.سەعدی حەسەن بارام لە زانكۆی هەڵەبجە

٦. د.بەرهەم خالید لە زانكۆی سلێمانی

٧. پ.ی.خالد محمد غریب لە زانكۆی هەڵەبجە

٨.د.هەتاو حمە سالح لە زانكۆی هەڵەبجە

٩. ئیسماعیل عوسمان لەزانكۆی سلێمانی

١٠. كامیل عومەر لە زانكۆی سلێمانی

١١. هەژان خالید لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان

١٢. رۆژان سیفور اسکندر لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

١٣. فاروق جەمیل كەریم لە زانكۆی هەڵەبجە

١٤. هیرۆ جەزا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

١٥. د.گۆران عومەر مستەفا لەزانكۆی هەڵەبجە

١٦. مهدی حمە سەعید محەمەد لە زانكۆی هەڵەبجە

١٧. ئاودێر عوسمان باقی لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی

٢٨. سەربەست حسین قادر لە زانكۆی سلێمانی

٢٩. كاوە عیزەدین لە زانكۆی سلێمانی

٣٠. دەشتی عەلی رەشید لە زانكۆی سلێمانی

٣١. د. عارف غفور أحمد لەزانکۆی سلێمانی

٣٢. ئەحمەد قادر لە زانكۆی هەڵەبجە

٣٣. ئیسماعیل حاجی زەڵمی لە زانكۆی هەڵەبجە

٣٤. لاوكۆ ئەمیر محەمەد عەزیز

٣٥. ئەحمەد محەمەد

٣٦. سازگار حمەامین کریم لە زانکۆی سلێمانی

٣٧. سالار حسین لە پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی

٣٨. د.ئازاد رەسول لەزانکۆی سۆران

٣٩. بەختیار حاجی لەزانکۆی راپەڕین

٤٠. میران حسێن لەزانکۆی سلێمانی


PM:06:43:25/11/2021