تیمی کوردستانی عێراقی (CPT) دەربارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ھەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" نابێت ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان بە تاوان ھەژماربکرێت".
بەپێی بەدواداچوونەکانی تیمی کوردستانی عێراقی (CPT)، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، بەلایەنی کەمەوە (٩١) خوێندکاری خۆپیشاندەر لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی دەستگیرکراون و خانەوادەی ئەو خۆپێشاندەرانەش لە شوێنی دەستبەسەرکردن و دۆخی ئەو خوێندکارانە ئاگادارنین.
ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی سلێمانیدا، چوار ڕۆژنامەوان بە ناوەکانی (عەباس محەمەد لە کەناڵی الأشراق، ڕاژان ماجد لە کەناڵی البغدادیة، بەرھەم لەتیف و بڕوا ئەسعەد لە میدیای ڕۆژنیوز) لەلایەن ھێزێکی نەناسراوەوە دەستگیرکراون.
تیمی کوردستانی عێراقی (CPT) لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم دەکات کە ئەو ڕۆژنامەوان و خۆپیشاندەرانەی لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا دەستگیرکراون، دەستبەجێ ئازادبکرێن و نابێت ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان بە تاوان ھەژمار بکرێت.