ئەبوبەکر هەڵەدنی: بە دەیان قوتابی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان دەربارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی کورتی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" بە دەیان قوتابی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و تائێستا ئازاد نەکراون". 

ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پەیامێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە" بەپێی بەدودا چوونەکانمان دەیان قوتابی خۆپیشاندەر لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەسگیرکراون".

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە هەوڵەکان چربکەینەوە لە ناوخۆ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و هاوپەیمانان بە ئاقاری ئازادکردنیان.

ئێوارەی ئەمڕۆش تیمی کوردستانی عێراقی (CPT) لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، بەلایەنی کەمەوە (٩١) خوێندکاری خۆپیشاندەر لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی دەستگیرکراون و خانەوادەی ئەو خۆپیشاندەرانەش لە شوێنی دەستبەسەرکردن و دۆخی ئەو خوێندکارانە ئاگادارنین.

ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی سلێمانیدا، چوار ڕۆژنامەوان بە ناوەکانی (عەباس محەمەد لە کەناڵی الأشراق، ڕاژان ماجد لە کەناڵی البغدادیة، بەرھەم لەتیف و بڕوا ئەسعەد لە میدیای ڕۆژنیوز) لەلایەن ھێزێکی نەناسراوەوە دەستگیرکراون.

تیمی کوردستانی عێراقی (CPT) لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوای لە بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم کرد، کە ئەو ڕۆژنامەوان و خۆپیشاندەرانەی لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا دەستگیرکراون، دەستبەجێ ئازادبکرێن و نابێت ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان بە تاوان ھەژمار بکرێت.


PM:08:40:25/11/2021