سەرۆکی حکومەت: لە دنیادا شتی وانەبووە خوێندن بەلاش بێت و داوای دەرماڵەش بکەی

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان کۆبوەوە و رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی گرفتی خوێندکاران چارەسەر بکەین، دەشڵێت" خوێندن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێم خۆڕاییە، بۆیە لە هیچ شوێنێکی دونیا نەبووە بە خۆڕایی بخوێنیت و داوای دەرماڵەش بکەیت".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکیدا لە زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند" ئێمە نەتەوە و خەڵکێکی ستەم لێکراوین، بۆیە بۆ دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکەین و سەرکۆنەی رووبەڕووبوونەوەی توند دەکەین".

ئەوەشی خستەڕوو، خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان هەموو جارێک دەتوانن نوێنەری خۆتان بنێرن بۆ ئەوەی داواکارییەکانتان بە حکومەت بگەیەنن، لەم قۆناغەشدا حکومەت بەخۆڕایی خوێندنی زانکۆ حکومییەکان دابین کردووە. 

دەربارەی داواکاری خوێندکاران بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان، سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوەکرد، لەم کاتەدا لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا خوێندکارانی زانکۆ حکومییەکان لەگەڵ خوێندنی بێبەرامبەر، دەرماڵە و هاوکاری وەرناگرن و ئەوانەی باس لە وڵاتانی ئەوروپا یان ئەمریکاش دەکەن، لەو وڵاتانەدا بانک قەرز دەدات بە خوێندکاران و لە بەرامبەردا دوای خوێندن لێیان وەدەگرێتەوە.

ڕوونیشیکردەوە، لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای دابینکردنی خوێندن بە خۆڕایی لە زانکۆکان، بەڵام لە (٢٠١٤)ەوە و لە دوای قەیرانی دارایی دەرماڵە نەک لە هەرێم بەڵکو لە عێراقیش راگیراوە و خەرج ناکرێت. 


PM:02:33:27/11/2021