سەرۆكی پارتی دیموكراتی
كوردستان لەبارە هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە دەڵێت "شەهید
بوون و قوربانیدان لەپێناو پاراستنی خاك و نیشتیماندا ئەوپەڕی شانازی و سەربەرزییە".
مەسعود بارزانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ پەیامێکی لەبارەی
هێرشەکەی دوێنێ شەوی چەکدارانی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە بڵاوکردەوە و دەڵێت "زۆر بە داخەوە كە شەوی
رابردوودا لە ئەنجامی كردەوەیەكی تیرۆریستیی تیرۆریستانی داعش، لە سنووری كۆڵەجۆ
ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان لە كاتی ئەركی پیرۆزی خۆیاندا شەهید و بریندار بوون."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا
مەسعود بارزانی پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکان دەکات و
هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
دەقی پەیامەكەی مەسعود
بارزانی بەم شێوەیە هاتووە:
بەناوی خودای مەزن و
دلۆڤان
زۆر بە داخەوە كە لە شەوی
ڕابردوودا لە ئەنجامی كردەوەیەكی تیرۆریستیی تیرۆریستانی داعش، لە سنووری كۆلەجۆ
ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان لە كاتی ئەركی پیرۆزی خۆیاندا شەهید و بریندار بوون.
پرسە و سەرخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری شەهیدەكانمان دەكەم و خۆم بە
هاوبەشی خەمیان دەزانم.
لە خودای گەورە داواكارم گیانی ئەو شەهیدانە بە بەهەشتی خۆی
شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە خانەوادە و كەسوكاریان ببەخشێت و، هیوای چاكبوونەوەش
بۆ بریندارن دەخوازم.
شەهیدبوون و قوربانیدان
لەپێناو پاراستنی خاك و نیشتیماندا ئەوپەڕی شانازی و سەربەرزییە.
هەزاران سڵاو لە
گیانی پاكی شەهیدانی شەڕی دژی داعش و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان.
مسعود بارزانی
28ی تشرینی دووەمی
2021