نووسینگەی مافی مرۆڤ: هێشتا ژمارەیەک دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکان لە زینداندا ماون


نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هێشتا دەستگیرکراوی خۆپیشاندەری قوتابیان لە زیندانەکاندا ماون.

لە رگەیاندنێکدا ئەو نووسینگەیە کە چاودرێی مافی مرۆڤی دەکرد لە پێنج رۆژی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێن" لەدرێژەی سەردان و بەدواداچوونەکان بەشێک لەدەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان دەستەبەجێ پاش لێکۆڵێنەوەکان ئازادکراون تەنیا ژمارەیەک لەخۆپیشاندەران ماونەتەوەو لەئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن دواتر بە بڕیاری دادوەر رێکارەکانیان تەواو دەکرێت".( بەبێ ئەوەی زانیاری لەسەر ژمارەی ئەو گیراوانەی لە زیندان ماون بڵاوبکاتەوە). 

دەقی راگەیەنراوەکە:  

لەماوەی رابردوو نوسینگەی مافی مرۆڤ لەسلێمانی لەرێگەی تیم و بەشە جیاوازەکانی بەدواداچون و لێکۆڵینەوەیی وردی لەهەر پێشیلکارییەکی مافی مرۆڤ کردووە، کەلەلایەن هەرکەسێکەوە لەخۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی خوێندکارانی زانکۆ پەیمانگاکان روویدابێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا تیمێک لەنوسینگەی مافی مرۆڤ لەسلێمانی کەپێکهاتبوو لەهەریەکە لە (سابیر عەبدوڵا) بەرێوەبەری نوسینگەی مافی مرۆڤ لەسلێمانی، (میدیا عەبدوڵا) لێپرسراوی بەشی بەندیخانەکان و  (هەڵشۆ عەبدولفەتاح) لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لەنوسینگەی سلێمانی سەردانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیان کردوو لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دامەزراوەیە کۆبونەوەو لەبارو دۆخی راگیراوان دۆسییەکانیان کۆڵییەوە.  

لەدرێژەی سەردان و بەدواداچوونەکان بەشێک لەدەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان دەستەبەجێ پاش لێکۆڵێنەوەکان ئازادکراون تەنیا ژمارەیەک لەخۆپیشاندەران ماونەتەوەو لەئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن دواتر بە بڕیاری دادوەر رێکارەکانیان تەواو دەکرێت.  

جێگەی ئاماژەیە نوسینگەی مافی مرۆڤ لەسلێمانی لەماوەی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییە بەردەوام لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکەی کردوەو ڕاپۆرتی وردی لەسەر خۆپیشاندانەکان هەبووە.  



AM:08:40:29/11/2021