وەزارەتی پێشمەرگە: ھەر فەرماندەیەک کەمتەرخەمی بکات سزا دەدرێت

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لێکۆڵینەوە لە ڕێکخستنەوەی سەنگەرەکانی بەرگری دەکات و جێگری سوپاسالاری پێشمەرگەش دەڵێت" ھەر فەرماندەیەک لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا کەمتەرخەمی بکات، سزا دەدرێت و چەندین فەرماندەش بەو ھۆیەوە سزا دراون". 

لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری داوە ھەر فەرماندەیەک کەمتەرخە بێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ئەوە سزا دەدرێت، لە ماوەکانی ڕابردوو ژمارەیەک فەرماندەی پێشمەرگە بەھۆی کەمتەرخەمییەوە سزا دراون و بەردەوامیش دەبین لەوەی ھەر کەسێک کەمتەرخەمی بکات، لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت". 

بەرپرسەکەی پێشمەرگە وتیشی" لە سەنگەرەکانی بەرگری کەمتەرخەمی ھەبووە، چونکە زۆر جار پێشمەرگە و فەرماندەکانی ئێمە بەباشی خۆیان حەشار نەداوە لە سەنگەرەکاندا، ئەوەیش بووەتە ھۆکاری ئەوەی چەکدارانی داعش کەڵک لەو کەمتەرخەمییەی پێشمەرگە ببینن و لە دوورەوە بیانکەنە ئامانج". 

لیوا قارەمان ئەوەشی خستەڕوو، مەبەست لە سزادانی فەرماندەکان بۆ ئەوەیە زیاتر خۆیان ئامادە بکەن و سەنگەرەکانیان بە ڕووی دوژمن قائیم بکەن، تا کەمتەرخەمییان نەبێتە ھۆکاری ئەوەی دوژمن کەڵک لە کەمتەرخەمیی ھێزی پێشمەرگە ببینێت.


PM:04:01:04/12/2021