خوێندکاران: دەست بە خۆپێشاندان دەکەینەوە

خوێندكارانی ناڕازی زانكۆ و پەیمانگاكان لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند، "هیچ هەنگاوی كردەیی بۆ جێبەجێكردنی داواكانمان نەنراوە و دەست بە خۆپیشاندان دەكەینەوە".

ئەمڕۆ شەممە ٤ی کانوونی یەکەم، خوێندكارانی ناڕازی زانكۆ و پەیمانگاكان، بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و دەڵێن، "داوای ئێمە دیاریكراوە و خۆپیشاندانەكانمان ئاڕاستەكراوی هیچ هێزو لایەنێك نییە، وە سوپاسی هەر هێز و لایەنێكیش دەكەین كە بەكردەیی كاری باش لەسودی خوێندكاران بكات، دیارە لەو چوارچێوەیەشدا حیزبێك چەند كارێكی باشی بۆ خوێندكاران كردووە، ئێمە سەرەڕای سوپاسكردنیان، بەڵام ڕایدەگەیەنین كە هیچ هەنگاوێكی فەرمی بۆ جێ بەجێكردنی داوا سەرەكیەكانی ئێمە نەنراوە".

هەر لە بەیان نامەکەی خوێندکاران دا هاتوو، بەپێویستی دەزانین كە ڕای بگەیەنین جارێكی دیكە دەست دەكەینەوە بە خۆپیشاندان بەڵام بە شێوازێكی جیاواز وە بەسود وەرگرتن لە ئەزمونی ڕابردوومان.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەیاندا هاتووە، داوای سەرەكی ئێمەی فێرخواز بریتییە لە:

۱- گێڕانەوەی دەرماڵە.

۲- كەمكردنەوەی كرێی خوێندنی پارالێل.

۳- نەهێشتنی كرێی داخلیەكان.

٤- گێڕانەوەی شكۆ بۆ فێرخواز ئەوەش بە سزادانی ئەو كەسانەی كە ئازاری قوتابیانیان دا.

٥- گێڕانەوەی شكۆ بۆ زانكۆو پەیمانگاكان و ڕیفۆرمی ڕیشەی لە خوێندنی باڵادا، ئەوەش بە بڕینی دەستی حیزب لە ناوەندەكانی خوێندندا.



PM:07:33:04/12/2021