وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم پۆستى چوار سەرۆک زانکۆ و (سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ خوێندنى ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی) ڕاگەیاند.
ئەو پۆستانەی كە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندوون بریتین لە" سەرۆکى زانکۆی سلێمانى، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین، سەرۆکی زانکۆی چەرمو، سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ خوێندنى ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی".
خوێندنی باڵا ڕاشیدەگەیەنێـت" هەر کەسێک ئارەزوى هەیە و مەرجەکانى تێدایە، دەتوانێت لە ماوەى دیاریکراودا (C.V) و داواکارییەکەى پێشکەش بکات، تا ناوى لە لیستى پێشکەشکاراندا تۆمار بکرێت".
مەرجەکان بۆ پۆستی سەرۆکی زانکۆ:
- هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا بێت .
- نازناوی زانستى لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر کەمتر نەبێت.
- خزمەتى لە (10) ساڵ کەمتر نەبێت.
مەرجەکان بۆ سەرۆکی دەستی کوردستانی بۆ خوێندنى ستراتیژی و توێژینەوەی زنستی:
- هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بێت لەیەکێک لەبوارەکانی زانستی.
- نازناوی زانستی لە پرۆفیسۆر کەمتر نەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەرکەسێک داواکاری پێشکەش دەکات باشترە دید و بۆچون و بەرنامەى کاری خۆى پێشکەش بکات بەمەبەستى بەرەو پێش بردنى زانکۆکەی بۆ ئەو چوار ساڵەى کە لە پۆستەکەى بەردەوام دەبێت، هەروەها زانینی زمانى ئینگلیزى و شارەزایی لە بەکارهێنانى تەکنۆلۆجیای بواری خوێندن و فێرکردن و کارایی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی هەلى زیاتر بۆ پێشکەشکار دەڕەخسێنیت.
هەروەها هاتووە" دواین کات بۆ پێشکەشکردنى (C.V) و پوختەى ڕاژە، تا کۆتایی دەوامى فەرمى ڕێکەوتى ١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١ دەبێت".