ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری سەرجەم زانکۆ و پەيمانگاکان کۆدەبێتەوە

پاش ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندانی خوێندکارانی ناڕازی لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم دەستیپێکردەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری سەرجەم زانكۆ و پەیمانگاكانی کوردستان کۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، بڕیارە کاتژمێر (٢:٠٠)ی پاشنيوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە بافڵ تاڵەبانی لە بارەگای سەرەکی مەکتەبی سياسی يەکێتی نيشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی لەگەڵ نوێنەری سەرجەم زانکۆ و پەيمانگاکانی سنووری (سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە) و بەشێک لە زانکۆ و پەيمانگاکانی هەرێم کۆبێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکی دیدارەکە بۆ پاڵپشتيکردنی داواکارييەکانی خوێندکاران و هاوکاريکردنيان لە چارەسەرکردنی گرفتەکانيان دەبێت. 

بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری سەرجەم زانکۆ و پەيمانگاکانی پارێزگای (سلێمانی، كەركوك، هەڵەبجە، شارەزوور، كەلار، كفری، خانەقین، ڕانییە، قەڵادزێ، كۆیە، چەمچەماڵ، سەیدسادق، چوارتا، دوكان، دەربەندیخان) بەشداربن. 


PM:12:11:05/12/2021