"ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت"

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بانگهێشت په‌رله‌مانتاران ده‌كات بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی ئەم هه‌فته‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ كاتژمێر ١٢ی پێشنیوه‌ڕۆی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ نوسراوێكدا بانگهێشتی گشت ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات و دەڵێت "بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزه‌كانی په‌رله‌مان بكه‌ین، بۆ دانیشتنی ژماره‌ (١٠)ی ئاسایی خولی پایزه‌ی ساڵی سێیەم له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان".

 

هەروەها به‌پێی به‌رنامه‌ی كاری كۆبونه‌وه‌كه‌، كه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكردوه‌، له‌ ته‌وه‌ری یه‌كه‌مدا جیلبەرت میتران، كوڕی دۆستی كورد خاتو دانیال میتران له‌ یادی ١٠ ساڵەی كۆچی دوایی دۆستی كورد، خاتو دانیال میتران ئاماده‌ده‌بێت و وتارێك پێشكه‌ ده‌كات، هاوکات کۆبوونەوەکە کاتژمێر ١٢ی پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ئەنجام دەدرێت.

له‌ بڕگه‌ی دوه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌شدا، خوێندنه‌وه‌ی دوه‌م بۆ پڕۆژەیاسای (سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (٨٧، ٨٨، ٨٩) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ ته‌وه‌ری سێیەمدا، دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان (سیروان فه‌ره‌ج محه‌مه‌د) لە ئەندامیەتیی (لیژنەی پەیوندییەكان و ڕەوەندی كوردستانی)، بەپێی حوكمی ماددەی (٢٨) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

ته‌وه‌ری چوارەم تایبه‌ته‌ به‌ خستنەڕوی بەدواداچون و ڕاسپاردەی هەردو لیژنەی (كاروباری پێشمەرگە) و لیژنەی (ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم)، سەبارەت بە هێرشەكانی ڕێکخراوى تیرۆریستیى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام، ناسراو بە (داعش) بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە.

 

له‌ ته‌وه‌ری پێنجەمدا خوێندنه‌وه‌ی دوه‌م بۆ پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (٨٧، ٨٨، ٨٩) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

شەشەمین تەوەریش بەدواداچونی لیژنەی (دارایی و كاروباری ئابوری)، سەبارەت بە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان ده‌خرێته‌ڕو.



PM:03:05:05/12/2021