هەڵوێستی پەرلەمانی کوردستان لەسەر کوژرانی ئەفسەرەکەی سلێمانی

دوو لیژنەی پەڕلەمانی كوردستان داوا دەكەن،  بەشێوەیەكی خێراتر كار لەسەر ڕاسپاردەكانمان بكرێت بۆ داماڵینی چەكی بێ مۆڵەت.

ئەمڕۆ ٥ی کانوونی یەکەم، لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ژنان و لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویانكردەوە،  شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی بەجێگەیاندنی ئەركی یاسایی خۆیاندا، مەفرەزەیەكی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لەسلێمانی ڕووبەڕووی ڕووداوێكی تەقەكردن بوونەوە و ئەفسەرێك بەپلەی نەقیب گیانی سپارد و سێ كارمەندی دیكەش برینداربوون.

ئەو دوولیژنەیە ڕاشیانگەیاند "دەبێت هەرچی زووە تاوانكاران و ئەنجامدەرانی ئەو كارە ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە و سزای توند بدرێن، بەشێوەیەكی خێراتریش كار لەسەر ڕاسپاردەكانمان بكرێت بۆ داماڵینی چەكی بێ مۆڵەت و پێداچوونەوە و تووندكردنی پێدانی مۆڵەت بۆ كەمكردنەوە و بەڕەنگاربوونەوەی لەمجۆرە ڕووداوانە".



PM:06:18:05/12/2021