پارتی سکاڵای خۆی گەیاندە یۆنامی

پارتى دیموکراتى کوردستان سکاڵاى خۆى لەبارەى کەمکردنى کورسییەکانى بردە  نێردەى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق.

مەحمود محەمەد وتەبێژى مەکتەبی سیاسی پارتى لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، رۆژى چوارشەممە لەگەڵ  شاندێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یۆنامی لە عێراق کۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ھەڵبژاردنەکانی عێراق و دەرئەنجامەکانی پرۆسەکە.

باسی لەوەشکرد، نیگەرانیەکانی پارتیمان خستەڕوو لەبارەی تەدەخولی نایاسایی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری عێڕاق لە پرۆسەکەدا و دەستکاریکردنی ئەنجامەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، قۆناغی دوای ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ و ئایندەی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراق، باسکران.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکان کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە راگەیەنرا، لەپارێزگاکانى هەولێر و نەینەوا پارتى دوو کورسی لەبەرژەوەندى یەکێتى لەدەستدا، لە بەر ئەو سکاڵایانەى کاندیدەکانى یەکێتى تۆماریانکردبوو.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەعێراق وەڵامی پارتی دەداتەوە لەسەر ئەوەی کە سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هیچ دەستێوەردانێكیان کردبێت لەكاری كۆمسیۆندا، ئەوەش  وەڵامێک بوو بۆ پارتى کە لەدەستدانى دوو کورسییەکەى خستووەتە ئەستۆی ئەوان. 



AM:11:31:09/12/2021