"داعش خۆی ڕێکخستووەتەوە و جوڵەیەکی باشی کردووە"

فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە ئاشکرایکرد، ژمارەیەكی زۆر حەشارگەی داعشیان دۆزیوەتەوە.

 

ئەمڕۆ هەینی ٩ی کانوونی یەکەم، لیوا ڕوكن مەریوان محەمەد فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە بۆ دەنگی ئەمریكا باسیان لەوەکردووە، داعش لە سوریاوە هێزی بۆ هاتووە، لەناو عێراقیش خۆی ڕێكخستووەتەوە، بۆیە دەستی بەجوڵەیەكی زۆر كردووە و لەهەموو میحوەرەكانەوە پەلاماری پێشمەرگەیداوە.‌

 

ڕاشی گەیاند "داعش دەیەوێت بڵێت ماوین و بەهێزین، بەتایبەت لەمكاتەدا كە حكومەتی عێراق پێكنەهێنراوە و كەمێك ناسەقامگیری سیاسی هەیە".

 

ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكانی پێشمەرگە لەناوچەی غەڕەوپەڵكانەی نێوان قەزاكانی كفری و خورماتوو ناوبراو دەڵێت  "هێزمان بردووەتە هەموو ناوچەكانی غەڕەو پەڵكانە كە بارەگای سەرەكی داعشن، ناوچەكەمان لەداعش پاككردووەتەوە و تا ئێستا هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەك ڕووینەداوە، بەڵام دەستمانگرتووە بەسەر چەندین حەشارگەی گەورەیاندا، لە حەشارگەیەكدا ١٢٥ گولە هاوەنمان دۆزیووەتەوە، دەستمانگرتووە بەسەر ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراودا، لە حەشارگەی تردا چەندین تۆن برنج و خواردن دەستیان بەسەردا گیراوە".

 

سەبارەت بەچارەنوسی ئەو چەكدارانەی داعش لە غەڕەو پەڵكانە بوون، لیوا ڕوكن مەریوان ڕایگەیاند "هێزەكانی داعش بەرەو ناوچەی زەرگەی ڕۆژاوای خورماتوو ڕۆیشتوون، چونكە بە پارتیزانی هاتووچۆ دەكەن، ڕەنگە ١٠ چەكداریان لەناوچەكەدا مابێتەوە، بەڵام ناوچەكە ٦٠كم فراوانە و تائێستا نەماندۆزیوونەتەوە".



AM:10:51:10/12/2021