بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی مانگرتنیان ڕاگەیاند

بەیانی ئەمڕۆ مانگرتنی فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆی شاری سلێمانی بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە دەستی پێكرد. 

پەیامنێرمان لە شاری سلێمانی پێی ڕاگەیاندین" بەیانی ئەمرۆ چوارشەممە ژمارەیەک لە کارمەندان و مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی لە دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامیان راگەیاند".

ئێوارەی دوێنێش بەشێك لە كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بەهۆی دواکەوتن و دابەشنەكردنی مووچەكانیان بایكۆتیان ڕاگەیاند و بەپێی زانیارییەکانیش ئەمڕۆش کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەردەوامن لە مانگرتن. 


فەرمانبەران‌ هۆكاری دواكەوتنی موچەكانیان دەخەنە ئەستۆی حكومەت‌ و داواكارن موچەكانیان لە زووترین كاتدا پێبدرێت.

نزیکەی (٢٠) ڕۆژە وەزارەتی دارایی هەرێم دەستی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران کردوە، بەڵام لە ئێستادا بەشێک لە مووچەخۆران مووچەیان وەرنەرگرتووە و حکومەتی هەرێم چاوەڕێی ناردنی (٢٠٠) ملیار دینارەکەی بەغداد دەكات.


AM:09:56:15/12/2021