لیژنەی لێکۆڵینەوەی هاتوچۆی سلێمانی پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوەو بەرپرسی باڵا تێوە دەگلێت

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێم ئاشکرایکرد ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیەی لە ئاستی وەزارەتی ناوخۆدا پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە " گەندەڵی " بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوەو چەندان کەسی تر و بەرپرسی باڵا تێوگلاون لە  نێوایاندا بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە لە ناو ئەنجومەنی وەزیران و بزووتنەوەی گۆڕانەوە، له دوای گواستنەوەی عەمید فەریدون له پۆستی بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی، ناوبراو هەڕەشەی ئاشکراکردنی سەرجەم گەندەڵییەکانی كردووە كە هەمووی بە فەرمانی بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی ناوخۆ كراوەو، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی هەموو دۆکۆمێنتەکانی کردووە. 

" سپی " زانیوویەتی کە بەرپرسانی گۆڕان نیگەرانیەکانی خۆیان گەیاندۆتە بەرپرسانی یەکێتی و داوا دەکەن لێپێچینەوە بگاتە بەرپرسە باڵاکەی وەزارەتی ناوخۆ و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا بکرێت و ناکرێت هەموو گەندەڵیەکان بخرێتە سەر ئەستۆی بەڕێوەبەکەی گۆڕان و بەرپرسەکانی خوارەوە، لە کاتێکدا کە بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی هاتوچۆ فەرمانی بەرپرسی سەرو خۆی جێبەجێکردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانە، بزووتنەوەی گۆڕان هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە دۆسیەکە دەبەنە ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی نەزاهەی هەرێم و دەبێت لێپرسینەوەکان لەم ئاستەدا نەوەستێت و سەرجەم ئەو کەسانە بگرێتەوە کە دەستیان هەبووە لە گەندەڵیەکاندا.

" سپی " زانیوویەتی لەگەڵ بەرەوپێشچوونی قۆناغەکانی لێکۆڵێنەوەکە، رۆژ بەرۆژ بڕی گەندەڵیەکە هەڵدەکشێت و بە ملیاران دیناری عێراقی لە داهاتی گشتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبیلی درع و، خوار مۆدیل و، تەزویر و، ئیختلاسی پارەی گشتی و نەدانی رسووماتی گومرگ و تۆمار کردن، بەهەدر دراوە.

رۆژی ٢٣ /١٠/٢٠٢١ ماڵپەڕی ( سپی ) وەک یەکەم ماڵپەڕ لە هەواڵێکدا پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵێنەوە لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجامە بەراییەکانی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتبوو" بەفەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم مانگێک زیاترە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە کاروبارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی دروستکراوەو، ئەو لیژنەیە چەندین گەندەڵیان ئاشکرا کردووە".

هەروەها هاتبوو، بەپێی ئەو زانیاریانەی لەو دەمەدا دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتبوو، لیژنەکە کە لە سێ ئەفسەری پلە باڵا پێکهاتووە گەیشتبوونە چەندان سەرپێچی یاسایی و، لەبەر رۆشنایی ئەو سەرپێچیانە فەرمانی دەستبەسەرکردنی سێ ئەفسەرەیان دەرکردبوو.

لیژنەی لێکۆڵینەوە گەیشتبوونە چەندان سەرپێچی جۆری ( تەزویر و ئیختلاس و شاردنەوەی مامەڵە و ونبوونی سەدان مامەڵەی هاوڵاتیان).

لە درێژەی ئەو سەرپێچیانەدا، وەک ماڵپەڕی " سپی " زانیبووی "هەندێکجار لە رۆژانی پشوودا مامەڵە بەڕێکراوەو ئۆتۆمبیل تۆمار کراوە".

تا ئێستا لێکۆڵینەوە بەردەوامەو لیژنەکە تەواوی دەسەڵاتی دەستەبەسەرکردن و رووبەڕووی دادگایی کردنی هەیە.

لیژنەی لێکۆڵێنەوە کە لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ پێکهاتووە، لەلایەن ئەفسەرێکی پلە باڵا لە ئاستی لیوادا سەرۆکایەتی دەکرێت و، ماوەی چوار مانگە بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەو چەند رۆژێکە پێیناوەتە قۆناغێکی نوێ و باڵاوە.



PM:10:00:15/12/2021