لە سەرجەم كۆلێژ و بەشەكانی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ ماوەی یەك هەفتە پشووی فەرمی ڕاگەیەندرا

کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵای و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڕیاری دا بۆ ماوەی یەک هەفتە بکرێتە پێشووی فەرمی لە سەرجەم کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی بەشە ناوخۆییەکە کە بەهۆی لافاوەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.  

دەقی راگەیەندراوەکە:

وەزیری خوێندنی باڵا بەشە ناوخۆیی کوڕانی لە هەولێر بەسەرکردەوە کە بەهۆی لافاو زیانی مادی زۆری بەرکەوتوە

لە بەسەرکرنەوەیەکی مەیدانییدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەشە ناوخۆیی کوڕانی شەوکەت شێخ یەزدینی لە هەولێر بەسەردەکاتەوە کە بەهۆی باران و لافاوەوە زەرەر و زیانی زۆری مادی بەرکەوتوە.

ئەمڕۆ هەینی 2021/12/17 د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەیاوەری بریکاری وەزارەت و سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بەشەناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدینی بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە لەگەڵ خوێندکاران و قوتابیان گفتوگۆی کرد و لە بارودۆخ و تەندروستیانی پرسی کە دوای لافاوەکەی دوێنێ شەو زیانێکی زۆری مادی بە بەشە ناوخۆییەکە کەوتووە و رایگەیاند خۆشبەختانە زەرەرو زیانەکان تەنھا زیانی مادیین و گیانی قوتابیان و خوێندکارە ئازیزەکانمان سەلامەتن .

وەزیری خوێندنی باڵا وتویژینەوەی زانستی ستافی زانکۆی سەڵاحەدینیشی ڕاسپارد بەپەلە زیانەکانی لافاوەکە دەستنیشان یکەن و قەرەبووی خوێندکاران بکرێتەوە بۆ ئەوەی پێداویستی و کەلوپەلی پێویستیان بۆ دابین بکرێت و گیانیان سەلامەت بێت.

بۆ ئەمەش بڕیاردرا یەک هەفتە بکرێتە پێشوی فەرمی لە سەرجەم کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆی سەڵاحەدین بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی بەشە ناوخۆییەکە کە بەهۆی لافاو زیانی بەرکەوتوە.


PM:02:32:17/12/2021