نمایشکردنی فیلمی (لە پێناو ئازادی)دا لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی ڕاگیرا

بڕیار بوو شەوی ڕابردوو فیلمی (لە پێناو ئازادی)دا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی نمایشبکرێت، بەڵام فیلمەکە لەلایەن ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەوە ڕاگیراوە. 

هەرچەندە بڕیاربوو کاتژمێر (١:٠٠)ی شەوی ڕابردوو فیلمی (لە پێناو ئازادی)دا لە دووەمین ڕۆژی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانیدا نمایش بکرێت، بەڵام بەگوێرەی ستافی فیلمەکە کە فیلمێکی درێژی کوردییە و باس لە بەرخۆدانی سووری ئامەد دەکات لە شەڕی ناوشار لە باکووری کوردستان، لەلایەن ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەوە نمایشکردنی فیلمەکە ڕاگیرا. 

دانەر عومەر، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لەبارەی ڕاگرتنی ئەو فیلمەوە بە سایتی (ڕۆژنیوزی) ڕاگەیاند" ئێمە بڕیارمانداوە هەر فیلمێک بەرهەمی ساڵی ٢٠٢٠ بەدواوە بێت لە فێستیڤاڵەکە نمایشی بکەین، بەڵام فیلمی ژ بۆ ئازادیی ساڵی (٢٠١٩) بەرهەم هاتووە، ئەوەش وایکردووە ڕەخنە بێتە سەرمان".

بەڕێوبەری فێستیڤاڵەکە جەختیشیکردەوە، کە فیلمەکە ئاستەنگ ناکرێت بەڵکو تەنها نمایشکردنی دوادەخرێت، بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەک بۆ کاتی نمایشکردنی فیلمەکە دیاریی بکات.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە ستافی فێستیڤاڵەکە ئاشکرایکرد، پاش ڕیکلامکردن بۆ نمایشی فیلمەکە لە میدیاکانەوە، ئەمڕۆ کۆنسوڵخانەی تورکیا پەیوەندی بە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەوە کردووە بۆ ئەوەی نمایشی فیلمەکە قەدەغە بکرێت و ئەوەش هۆکاری قەدەغەکردنەکەیە. 

ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە پێنجەمین فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو و لە خولی ئەمساڵدا (١٤٣) فیلم کە بەرهەمی (٣٥) وڵاتن نمایشدەکرێن، تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیستیڤاڵەکەیە، هاوکات بۆ ماوەی حەوت رۆژ ڤیستیڤاڵەکە بەردەوامی دەبێت. 


AM:09:21:19/12/2021