داعش لە كۆبانی چەکی کیمیایی بەکارهێناوە

گوتەبێژی فەرمی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە بانگەوازێکدا داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رای گشتی جیهانی دەکات، بە پیر کۆبانییەوە بچن و باس لەوەش دەکات کە بە پێی مەزەندەی پزیشکانی کۆبانی، چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) چەکی کیمیاییان بەکارهێناوە.

بەپێی هەواڵێكی (ANF) لە بانگەوازەکەدا رێدوور خەلیل دەنووسێت 'هەفتەیەکە شاری کۆبانی دووچاری هەڕەشەیەکی وەحشیگەریانەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بووەتەوە، لە هێرشەکانیشدا داعش هەموو جۆرە چەکێکی بەکارهێناوە، لە ناویشیاندا چەکی قوڕسی ئەمریکیش بەکارهاتووە، بەپێی بینینی لاشەی شەهیدان و برینداران، مەزەندەمان کرد چەکی کیمیاووش بەکارهێندرابێت'.

لە درێژەی بانگەوازەکەیدا گوتەبێژی یەپەگە دەڵێت 'لەدوای لێکۆڵینەوەی پزیشک و تیمە تەندروستییەکانی کانتۆنی کۆبانی، بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن داعش پشتراستکرایەوە. بە پێی گوتەی پزیشکان لەسەر لاشەی شەهید و برینداران شوێنی سووتان و پەڵەی سپی هەبووە'. خەلیل باس لەوەش دەکات کە 'بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کانتۆنی کۆبانی بەهۆی نەبوونی ئامێر و پێداویستی تەکنیکی و پزیشکی ناتوانن جۆری ماددە بەکارهێندراوەکە دەستنیشان بکەن، دەستیشیان ناگەت بە سەنتەرەکانی دیاریکرندی ئەو جۆرە چەک و پەیداکردنی ئەو جۆرە ئامێرانە بەهۆی ئابڵوقەی سەر کۆبانی'.

رێدوور خەلیل لە کۆتایی بانگەوازەکەیدا رووی دەمی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەموو دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی هاوکاری بەپەلە دەکات و دەڵێت 'روو لە کۆبانی بکەن و بە ئەرکی مرۆڤانەی خۆتان هەڵسن و رێگە لە هێرشەکانی داعش بگرن'. گوتەبێژی یەپەگە داوایەکیش ئاراستەی دامەزراوە میدیاییەکان دەکات 'داوا لە هەموو دەزگاکانی راگەیاندنی لۆکالی و نێودەوڵەتی دەکەین، کە رەوشی خراپی مرۆیی لە کۆبانی بخەنە بەرچاوی دونیا'.



PM:04:12:14/07/2014