ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ساڵی ٢٠٢١ ڕاگەیاندرا

وتەبێژى گشتیی هاتووچۆی هەرێمى کوردستان عەمید ئەسعەد مەلا کەریم، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماری ساڵی ٢٠٢١ی رایگەیاند.

عەمید ئەسعەد مەلا کەریم ئەمڕۆ ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢،  ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆی ڕاگەیاند "لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٢٢ هەزار ئۆتۆمبێل تۆمار کراون، ئێستا لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٩٦١ ئۆتۆمبێل هەزار هەیە، کە ئەمە بەراورد بە رووبەڕوو ژمارەی دانیشتووان زۆرە".

وتیشی "لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٧٠ هەزار مۆڵەتی شوفێری دراوە بە هاووڵاتییان، تائێستا بە گشتی زیاتر لە یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار مۆڵەت دراوە."

لەبارەی قوربانیانی رووداوەکانی هاتووچۆ باسی لەوەکرد  "لە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ٤ هەزار و ١١٩ هاتووچۆ تۆمارکراوە، لە ئەنجامدا ٦٦٢ هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و ٧ هەزار و ٢٢٠ کەسی دیکەش برینداربوونە، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەکە زیادیکردووە".

وتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان وتیشی "لەماوەی ساڵی رابردوودا یەک ملیۆن و ٨٥٠  هەزار سەرپێچی لەلایەن شوفێرانەوە کراوە، داوا دەکەین شوفێران پابەندبن بە رێنماییەکانی هاتووچۆ، چونکە زیانمەندی یەکەم خۆیانن".

ڕاشیگەیاند "هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی رووداوەکانی هاتووچۆ بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە، سەرەکیترینیان هەڵەی شوفێرانە وەک پێشکەوتنەوە، سوڕانەوە، گۆڕینی ساید، بەکارهێنانی مۆبایل، تیژڕەوی، هەروەها بەشێکی رووداوەکانیش بۆ خراپی و تاکسایدی رێگاوبانی دەرەوەی شارەکان دەگەڕێتەوە".



PM:01:19:03/01/2022