حوکمەکەی زارا محەمەدی کرایەوە بە ١٠ ساڵ زیندانی

دادگای پێداچوونەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان حوکمی سەر مامۆستای وانەی کوردی، زارا محەمەدی لە پێنج ساڵەوە کردەوە بە ١٠ ساڵ و داوای لێدەکەن پەیوەندی بکات بەندیخانەی سنەوە تا دەستگیربکرێت.


لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، هەیبەت محەمەدی، برای زارا محەمەدی ڕاگەیاندووە" دەسەڵاتی ئێران ساڵی ڕابردوو بە چەندین تۆمەتی جۆراوجۆر، زارایان تۆمەتبار کرد و دواجار دەستبەسەریان کرد، پاش ئەوە بە بارمتەی دارایی ئازاد کرا، پاشان لەلایەن دادگای شاری سنە سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا".

براکەی زارا وتیشی " لە قۆناغەکانی سکاڵاکردن و تانەلێدان لە بڕیارەکەی دادگا، دەسەڵاتی ئێران چەندین جار تۆمەتەکانی زارای گۆڕیوە و هەر جارە و بە تۆمەتێک داوای سزادانی کردووە، جارێک بەناوی دژایەتی کۆماری ئیسلامی، جارێک بە تۆمەتی لایەنگریی حزبە سیاسییەکانی رژێم".

لە درێژەی قسەکاندا وتیشی " هەیبەت ئەوەشی ڕاگەیاند، کە پاش تانەلێدان لە سزای ١٠ ساڵ زیندانییکردن، لە دادگای پێداچوونەوەی سنە سزاکەی زارا کەمکرایەوە بۆ پێنج ساڵ، جارێکی دیکە تانە لە بڕیارەکە درایەوە و نێردرایە دادگای باڵای ئێران.

زارا محەمەدی، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی ئایاری ٢٠١٩ دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەی، بە تۆمەتی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی و رێکخستنی سیمیناری کۆمەڵایەتی و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان دەستبەسەر کراو سەرەتا ١٠ ساڵ حوکمدرا، دوای پێداچوونەوە کرا بە ٥ ساڵ، بەڵام سەرلەنوێ کرایەوە بە ١٠ ساڵ. 



PM:05:07:03/01/2022