" سپی " ناوی کاندیدەکانی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات

‌وێنە.. ئەرشیف
سبەی یەک شەممە ٩ ی کانوونی دووەم وادەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراقە، لەو دانیشتنەدا دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران کە لەلایەن بە تەمەنترین ئەندام پەرلەمانەوە بەرێوە دەچێت، سەرۆک و دوو جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن، " سپی " زانیاری ورد لەسەر ئەو کاندیدانەی بۆ ئەو پۆستانە کاندیدکراون بڵاودەکاتەوە.

هەرچی دەربارەی سەرۆکی پەرلەمانە، زۆرینەی لایەنە سونییەکان رێککەوتن کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی خوولی پێشووی پەرلەمان کاندید بکرێتە بۆ ئەو پۆستە، هەرچی هەردوولایەنی سەرەکی کوردستانە، حەلبوسیان بەلاوە پەسەندەو هەر ئەمڕۆش چاوی بە بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی کەوت، هەردوو لایەنی شیعەشە، سەدر و چوارچێوەی هاوپەیمانێتی ڤیتۆیان لەسەر حەلبوسی نییەو بەلایەنەوە پەسەندە، هەرچەندە تا ئێستا شیعە لە ناوخۆیاندا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی هاوبەش لەسەر شێوەی حوکم و بەرنامەی حکومەت.

دەربارەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی کوردەو، لە نێویشیاندا پشکی پارتییە، سێ کاندید خراونەتە بەردەم مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کە دەبێت تا سبەی کاتژمێر ١١ یەکلایی بکرێتەوە، ئەو سێ کاندیدەی کە مەکتەی سیاسی پارتی خستوویەتە بەردەم مەسعود بارزانی، هەریەک لە د. پشتیوان عەبدولآ، د. ڤیان سەبری، د. شاخەوان عەبدولآیە.

هەرچەندە کە جێگری سەرۆکی پەرلەمان بدرێت بە پارتی لە پشکی کورد، دەرئەنجام سەرۆکی عێراقیش دەدرێت بە یەکێتی، بەلآم وەک مەحمود محەمەد وتەبێژی رایگەیاند هێشتا یەکێتی و پارتی رێککەوتنیان لەسەر ئەو پۆستە نەکردووە.



  

PM:08:44:08/01/2022