یەكێتی بۆ كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار بڕیاری كۆتایی دەدات


یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەكاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق یەكلایی بووەوە و بڕیاریدا كاندیدی بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سبەینێ سەركردایەتی ئەو حیزبە كۆبوونەوەی كۆتایی دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی (سپی)، دوێنێ یەكێتی داوایان كردووە بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی سەرۆك كۆمار، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی حیزبەكەیان لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی  پارتی كۆببێتەوە، بەڵام پارتی پێشنیاریان كردووە لەگەڵ مەسرور بارزانی كۆببێتەوە، بەڵام یەكێتی پێداگیریان لەسەر كۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و بارزانی كردۆتەوە بەو پێیەی بارزانی بڕیاری كۆتایی پارتی لایە، لەبەر رۆشنایی ئەو پێداگیرییە، ئەمڕۆ كۆبوونەوەكەی بافڵ تاڵەبانی و بارزانی كراوە و بێ ئەنجامیش بووە.

سەرچاوەیەكی باڵاش لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (سپی)ی راگەیاند، مەكتەبی سیاسی بڕیاریداوە بەرهەم ساڵح، جارێكی دیكە بۆ ویلایەتی دووەم كاندید بكاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕواتە هەڵبژاردن لە بەرامبەر هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی بۆ هەمان پۆست.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، سبەینێ كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەنجام دەدەن بۆ بڕیاردانی كۆتایی و وتی "بەرهەم ساڵح، بە فەرمی دەبێتەوە بە كاندیدی حیزبەكەیان، بەڵام لەتیف رەشید وەك تاك خۆی كاندید كردووە، بۆیە دەتوانێت خۆی بهێڵێتەوە و دەشتوانێت بكشێتەوە".

سەبارەت بەوەی ئایا دەتوانن بە كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بەرامبەر هۆشیار زێباری كاندیدی پارتی بۆ هەمان پۆست، پۆستەكە ببەنەوە، ئەو سەرچاوەیە روونیكردەوە، ئەگەر پۆستەكە ببەنەوە تەنها بە كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح دەیبەنەوە، چونكە ئێستا ئەگەر كاندیدەكەش بگۆڕن، پارتی كاندیدی خۆی ناكشێنێتەوە.

بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، پارتی و رەوتی سەدر و هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم رێككەوتن و توانیان بە زۆرینە سەرۆكایەتی هەڵبژێرن، بەشێوەیەك محەمەد حەلبوسی كاندیدی سوننەكان بۆ سەرۆكی پەرلەمان 200 دەنگ، حاكم زاملی، كاندیدی سەدر بۆ جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان 182 دەنگ، شاخەوان عەبدوڵا كاندیدی پارتی بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان 180 دەنگیان بەدەستهێنا.





PM:09:10:22/01/2022