وەزیرانی كارەبا و سامانە سروشتییەكان لەسەر گرانبوونی سوتەمەنی بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێن

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" بەمەبەستی خستنەڕووی کێشەی سوتەمەنی هاوڵاتیان و چارەسەرکردنی بەشێوەیەکی بەپەلە، هەردوو وەزیری کارەبا و سامانە سروشتیەکان بانگێشتی پەرلەمان دەکرێن". 

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی ڕایگەیاند" ئەو کارەبایەی‌ ئەم کابینەیەی حکومەت دەڵێت زیادمان کردوە، لە شەو و رۆژێکدا بۆ نزیکەی‌ تەنها ( پێنج سەعات) کەمبوەتەوە، ئەمەش بێجگە لە لەدەستدانی سەرچاوەی گەرمکردنەوەلای خەڵک، ئەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، نرخی‌ بەرمیلێک نەوت لە هەندێک شار بۆ (185 هەزار دینار) بەرزبوەتەوە و بتڵێک غازیش لە هەندێک شار بە (11 تا 20 هەزار دینار) دەست هاوڵاتیان دەکەوێت، "ئایا دەکرێت هەردو وەزیری‌ کارەباو سامانە سروشتیەکان کە بەرپرسیاری‌ ڕاستەوخۆی‌ ئەم خزمەتگوزارییانەن تەنها تەماشای‌ دۆخی‌ سەختی‌ ژیانی‌ خەڵک بکەن لەم سەرمایەدا؟. 

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، بۆ وەڵامدانەوەی‌ ئەو پرسیارانە، بە نوسراوی‌ ژمارە (137) لە (23ی‌ 1ی‌ 2022)، داوامان لە دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان کرد لیژنەی‌ (وزەو سامانە سروشتیەکان) راسپێرن بە بانگهێشتی‌ هەردو وەزیری‌ کارەبا سامانە سروشتیەکان بۆ کۆبونەوەی لیژنەکەیان‌ بۆ ئەوەی‌ پرسیار و داوا و کێشەی‌ خەڵکیان ڕوبەڕو بکەنەوە لە نزیکترین کۆبونەوەی‌ خۆیاندا، هەروەها داوای‌ چارەسەری‌ خێرایان لێ بکەن بۆ ئەم دۆخە خراپەی‌ ژیانی‌ خەڵک. 


PM:01:02:23/01/2022