لەبارەی هاوردەکردنی کەلوپەل دەروازەی حاجی ئۆمەران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

دەروازەی حاجی ئۆمەران بڵاویکردەوە، ئێران ڕەزامەندی داوە کە هەموو کاڵاو کەرەستەو کولوپەل و خۆراکی وڵاتانی دیکە، بەدەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەراندا بهێندرێتە ناو هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی کانوونی دووەم،  لە راگەیەندراوێکدا بەشی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەران بڵاویکردەوە "ئاگاداری هەموو بازرگانان و کۆمپانیاکان و خاوەنکارەکان و هەناردەکاران و هاوردەکاران دەکەین بەپێی خاڵی دوازدەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوای ئێران هەموو ئەو کاڵا و کەلوپەل و خۆراکی بیانی کە بە شێوەی ترانزێت لە ئێرانەوە لە دەروازەکانی تری هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێن، لە ئێستادا  لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانیش رێگایان پێدەدرێت و هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

ئەو ڕاگەیاندراوەی کە بەشی ڕاگەیاندنی دەروازەی حاجی ئۆمەران بڵاوی کردووەتەوە، ئەوە دەگەیەنێت کە گومرگەکانی ئێران ئەو بڕیارەی جێبەجێکردووە و لە ئەمڕۆ بەدواوە ئێران رێگادەدات هەمو کاڵا و کەرەستە و کەلوپەل و خۆراکی وڵاتانی بیانی بە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت.



PM:02:51:23/01/2022