لە ٧٥% دا خەڵکی کوردستان نەوتی وەرنەگرتووە


پەرلەمانتارێکی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی نەوتەوە زانیاری گرنگی دابەشدەکات و دەڵێت" لە ٧٥ دانیشتوانی هەرێم نەوتیان وەرنەگرتووە".

عەلی حەمەساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا ڕایگەیاند " سەرجەم دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە بڕی ٢٥٩ ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە، کە بە جۆرێک هەر ماڵێک یەک بەرمیل نەوتی پێبدرێت، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێم تەنها بڕی ٦٩ ملیۆن لیتر نەوتی دابەشکردووە و، بەوەش هەتا ئێستا ڕێژەی ٧٥٪ی دانیشتووانی هەرێم نەوتیان وەرنەگرتووە".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەو ٩٥٠ هەزار لیتر بەنزینەی ڕۆژانە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت، دەدرێتە هەردوو کۆمپانیای سەن ئۆیل و کورد نەفت و لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دابەش دەکرێت، بەڵام بەشی سلێمانی لێ نادرێت.

دەربارەی بەرزبوونەوەی نرخی غاز لە بازاڕەکاندا ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت " لە ئێستادا بەرهەمێنانی غاز لە ناوخۆدا ڕۆژانە ٥٠ تەنکەرە، کە دەکاتە هەزار و ٥٠ تۆن، لەوەش ١٠ تەنکەری غاز بۆ پارێزگای دهۆک، ١٥تانکەریش بۆ پارێزگای هەولێر و نزیکەی ١٤ تانکەریش غاز بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان دەکرێت".

وتیشی: دەبێت ڕۆژانە ٢٤ هەزار بوتڵی غاز بۆ دانیشتووانی سلێمانی و ٢٤ هەزار و ٩٩٠ بۆ پارێزگای هەولێر و ١٦هەزار و ٦٠ بتڵ غازیییش بۆ پارێزگای دهۆک دابینبکرێت، بەڵام ئەو بڕانە وەک خۆیان بەهۆی گەندەڵی و بازرگانیکردن بە غازەوە ناگەنە دەست هاوڵاتیان و ئەگەر ئەو بڕەش کۆنترۆڵ بکرێن، ئەوا بەشی هەموان دەکات.



PM:10:40:23/01/2022