شەپۆلێكی نوێی باران بارین و بەفر و تەرزە ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات، کە شەپۆلێكی نوێی باران بارین و بەفر و تەرزە ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. 

ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی نزیكبوونەوەی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست لە ئێستادا ئاسمانی ھەرێم بە زۆری گۆڕاوە بۆ نیمچە ھەور و لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای وڵاتی سوریا كاریگەری شەپۆلی بەفر و بارانبارین دەستیپێكردوە لە ھەندێ ناوچەشدا ھەورە بروسكەی لە گەڵدایە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە چەند كاتژمێری ئایندەدا بە تایبەت دوای ئێوارە بەفر بەڕێژەیەكی كەم لە ئەنجامی چڕبوونەوەی ھەورەكانی ناوخۆی ناوچەكە لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی ھەرێمدا دەستپێدەكات و لە كاتەكانی شەو درەنگدا ئەگەری بارانێكی كەم بۆ مامناوەندیش ئەبێت لە ھەندێ ناوچەی سنوری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەریندا و بارینی بەفرێكی كەم لە بەرزایەكانی ١٠٠٠ مەتر زیاتر لە ئاستی ڕووی دەریا، بە گشتی سبەی پێنج شەممە كاتەكانی نیوەڕۆ كاریگەری ڕاستەوخۆی ھەور لە دەریای ناوەڕاستەوە دەگاتە سەرجەم ناوچەكان و سەرەتاش شەپۆلەكە بەشێوەی بارانی مامناوەند و ھەورە بروسكە دەستپێدەكات لە ھەندێ ناوچەش بارانی بەخوڕ و تەرزەی لەگەڵ ئەبێت لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با لە ئاڕاستەی باشووری ڕۆژئاواوە بە خێرایی ١٥ تا ٢٥ كلیلۆمەتر زیاتر لە كاتژمێرێكدا.

وتیشی" لە كاتەكانی ئێوارە و شەوی پێنج شەممە لەسەر هەینی بەھۆی زیادبوونی كاریگەری بارستە ھەوا ساردەكە و نزمبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما بەفر بارین ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، كە بەرزیان زیاترە لە ٨٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا وەك سەنتەری شاری سلێمانی". 


PM:08:48:26/01/2022