نرخی نەوت ڕووی لە دابەزین کرد

نرخی نەوت بە هەردوو جۆرەکەیەوە لە بازاڕەکانی جیهانی نەوتدا گۆڕانکارییان بەسەردا هات و بەهاکەیان ڕوویان لە دابەزین کرد. 

بەگوێرەی ئاژانسەکانی بۆرسەی جیهان، لە ئێستادا بەهای یەک بەرمیل نەوتی برنت بە ٨٧ دۆلارو ٩٠ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەڵام دوێنێ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برنت بە ٨٩ دۆلارو ٨٧ سەنت بوو. 

هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە ٨٦ دۆلار و ٦٤ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، هەروەها دوێنێ بە ٨٧ دۆلار و ٤٧ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرا.

بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت جگە لەوەی پەیوەندی بە سیاسەتی رێکخراوی ئۆپێک پڵەسەوە هەیە، کە تەنها رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە شوباتدا زیاد دەکات بۆ بازاڕی نەوت، هاوکات پەیوەندی بەمەترسی هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکرانیەوە هەیە، جگە لە هەندێک ئاماژەی بۆزەتیف لەبارەی زاڵبوون بەسەر پەتای کۆرۆنادا.


AM:08:38:27/01/2022