سبەینێ سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە


بڕیارە پاشنیوەڕۆی سبەینێ دووشەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ بەدواداچوونی هەوڵەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق كۆببنەوە.

بەپێی زانیارییەكانی (سپی) كە لە سەرچاوەیەكی یەكێتییەوە دەستی كەوتوون، ئەمشەو كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی ئەو حیزبە كۆبوونەتەوە ئەوەش بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی سەركردایەتی كە بڕیارە پاشنیوەرۆی سبەینێ بكرێت، تەوەری سەرەكیش پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و كاندیدكردنی د.بەرهەم ساڵح و هەوڵەكانی یەكێتییە بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی كە سەردانی بەغدایان كرد.

بڕیارە رۆژی 7ی شوبات، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق كۆببێتەوە، تائێستا كورد دوو كاندیدی هەیە ئەوانیش د.بەرهەم ساڵح لە یەكێتی و هۆشیار زێباری لە پارتی، ماوەی هەفتەیەكیشە كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ ئەوەی كورد بە یەك كاندید بڕواتە پڕۆسەكەوە.



PM:11:53:30/01/2022