(سپی) زانیاری نوێ لەسەر كۆبوونەوەی دوێنێی سەركردایەتی یەكێتی بڵاودەكاتەوە


ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەكۆبوونەوەی دوێنێدا رەخنەیەكی زۆریان لە ئەدا و كاری بەرهەم ساڵح، وەك ئەندامی سەركردایەتی حیزبەكەیان لە ماوەی سەرۆك كۆماریدا گرتووە، بەڵام دواجاریش كاندیدیان كردەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ سەركردایەتی یەكێتی بە بەشداری بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق كە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیە و كاندیدی حیزبەكەشیەتی بۆ خولی نوێی سەرۆكایەتی كۆمار كۆبووەوە و كۆبوونەوەكەش تا درەنگانی شەوی رابردوو بەردەوام بوو.

بەپێی زانیارییەكانی (ٍسپی) لە كۆبوونەوەكەدا رەخنەی زۆر لە ئەدای و بەرهەم ساڵح گیراوە كە لەماوەی خولی یەكەمی سەرۆكایەتیدا کە پابەند نەبووە بە خزمەتكردنی یەكێتیەوە، بەڵام لە كۆتاییشدا سەركردایەتی بڕیاریان داوە پشتگیری بكەنەوە بۆ سەرۆك كۆمار، لەبەرامبەر  كاندیدی پارتی هۆشیار زێباری.

هەر بەپێی زانیارییەكان هەندێک ناوەنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێیوابوو هۆشیار زێباری لەڕووی یاساییەوە كێشەی بۆ کانیدیدبوونی دروستدەبێت، لەبەرئەوەی لەساڵانی رابردوودا كە وەزیری دارایی عێراق بووە، دۆسیەی گەندەڵی لەسەربووەو لەسەر گەندەڵی دەستیان پێ لەکارکێشایەوە لە وەزیری دارایی، بەڵام دوای ئەوەی دوێنێ پەرلەمانی عێراق ناوی كاندیدانی سەرۆك كۆماری بڵاوكردەوە و دەركەوت هۆشیار زێباریش كاندیدە، تاڕادەیەك یەكێتی لەوە سارد بۆتەوە كە هۆشیار زێباری كێشەی یاسایی هەبێت.

بڕیارە رۆژی ٧ ی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق كۆببێتەوە.



AM:10:33:01/02/2022