قەیس خەزعەلی: وەڵامێكی توندمان دەبێت بۆ هێرشكەی توركیا

ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق دوای هێرشەکانی شەوی ڕابردووی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستی فەرمی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت" هەرگیز بێدەنگی ناكەین لە بەرامبەر هێرشەكانی توركیا و لە گونجاوترین كاتدا وەڵامێكی توندی توركیا دەدەینەوە". 

قەیس خەزعەلی ئەمیداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند" دەوڵەتی تورکیا دوای ئەوەی بنکە سەربازییەکانی لە باکوری عێراق دامەزراند، بۆردومانی خەڵکی سڤیل دەکات". 

ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوامبوونی تورکیا لە هێرشەکانی و بێ گوێدانە سەروەری خاکی عێراق دەستدرێژی کردنە سەر زەوی و خەڵکەکەی هەرگیز تەحەممول ناکرێت و کاتێکی گونجاو دێت کە بەرەی بەرگری عێراق وانەی سەختی تورکیا بکات و ناچاریان بکات خاکی پاکی عێراق جێبهێڵن.

شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکیا کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور)، گوندی تەقیل بەقیلی سەر بە شاری دێرکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و شەنگالیان بۆردومان کرد.


AM:09:33:02/02/2022