نەرویج؛ ئەو كچە سۆماڵییەی لەسەر وتارێكی سەبارەت بە (خەتەنەی مێینە) یەكەم بوو


وەرگێڕانی: دلێر محەمەد نوری 

مولكی، كچێكی بە بنەچە سۆماڵییە و هەڵگری ڕەگەزنامەی نەرویجییە، ساڵی ٢٠١٩ بە وتارێك كە ئەو كات ٢٢ ساڵ تەمەنی بوو، بەشداری لە پێشبڕكێی وتاردان و وتارنووسین كرد، لە نێو چەندین هەزار وتار، وتارەكەی ئەو، بە باشترین وتاری ساڵ هەڵبژێردرا، مولكی ئەو كات خوێندكاری ئامادەیی بوو و پێشبڕكێكەش بۆ خوێندكارانی ئامادەیی، بە ناوی پێشبڕكێی (تۆ بدوێ) ئەنجامدرابوو.

لێرەدا هەوڵ دەدەین وتارەكەی بۆ خوێنەرانی كورد بكەین بە كوردی بۆ ئەوەی چیرۆكی ژیانی مولكی كە تایبەتە بە (خەتەنەی مێینە و زیانەكانی) زیاتر پێی ئاشنا ببن.


ئەو ڕۆژەی بووم بە "حەڵاڵ".
مولكی میری گولێد

ئەوەی بۆ ئەوان ئاهەنگ بوو، بۆ من یەكێ بوو لە ڕۆژە هەرە ناخۆشەكانی ژیانم.
تەمەنم تەنها پێنج ساڵ بوو، بەڵام وام لە بیرە وەك ئەوەی چەند خولەكێك بەر لە ئێستا ڕوویدا بێت.
من كیژۆڵەیەكی بچووك بووم، بەڵام لەو شوێنەی لێی ژیام كچی بچووك بەهای نەبوو.
لەوێدا تەنها داب و نەریت و ڕەش باوەڕی (الخرافە) بڕیار ئەدەن خەڵكی چی بكەن.
من لە شوێنێكدا پێگەیشتم، لە هەموو ڕۆژەكاندا مافەكانی مرۆڤ جێی دەهێڵێت.
من لە سایەی كولتورێكدا ژیام، كچان ئەچەپێنن. كولتورێك كە كچان تێیدا زیندانین.
من تەمەنم تەنها پێنج ساڵ بوو كاتێك خەتەنە كرام.
ئەوێ ڕۆژێ، ڕۆژێكی خۆش گوزەر بوو بۆ خێزانەكەی خۆم و هەموو ئەوانی دیكەش.
ئەوە ئەو ڕۆژە بوو كە ئیتر من بووم بە "حەڵاڵ"، من پاكژ بوومەوە.
ئەو ڕۆژە، ڕۆژی ئاهەنگگێڕانی تۆ بوو. بەڵام بۆ من خراپترین ڕۆژی ژیانم بوو.
ئەو ڕۆژە دەستپێكی ژیانێكی پڕ ئازار بوو.
٢٠٠ ملیۆن كچ خەتەنە دەكرێن، خەتەنە كردنی كچان كارێكی ئاساییە لە ٣٠ وڵاتی جیهان، ئەو وڵاتانەی زۆرینەی كچانیان خەتەنە دەكەن، سۆماڵ، سودان، میسر و ئەسیوبیان.  هەموو ڕۆژێك مافەكانی مرۆڤ ئەم وڵاتانە جێدەهێڵێت، ئەمانە خاوەن ئەو كولتورانەن كە تاكە یاسا تێیدا داب و نەریتە، ئەو داب و نەریتەی لە خەڵكانێكەوە بۆیان ماوەتەوە كە دەمێ ساڵ پێشتر ژیاون.

لە وڵاتی سۆماڵ، ئەو شوێنەی من لێوەی هاتووم، كچان لە پێنجەم ساڵی تەمەنیاندا خەتەنە دەكرێن، كچان لە ترس و دڵەڕاوكێدا دەژین، لەوەی كە بەشێك لە بەرمیزەڵانیان ببڕدرێت، ئەوان ئیتر پاشماوەی تەمەنیان لە شۆكدا دەژین، لە بەر چی، تەنها لەبەر هۆكارێك؟ بۆ دڵنیابوون لە پاكزەیی یەكێك، كاتێك بە شوو دەدرێت كە ئیتر ئەو پاكژە لە بۆ پیاوی خۆی.

كاتێك ئەوان گوێزان و دەرزییەكانیان ئامادە ئەكەن، ئایا لە ئازارەكانی ئێمە تێدەگەن؟
تێدەگەن لەو كێشانەی، كە لە دوای خەتەنەكردن، دێنە ڕێگەمان؟ هەوكردن و ئازاری درێژخایەن لە زێ و بەرمیزڵدانماندا؟ بە قورسی و ئاستەنگ، سكپڕبوون و مناڵبوونمان. ئەوان وەها گیرۆدەی داب و نەریت بوون، كە نەتوانن لەمانە تێبگەن؟

زۆرێك وا لە خەتەنەكردنی كچان گەیشتوون كە پەیوەندی بە ئایینەوە هەیە. بەڵام نە لە قورئان و نە لە كتێبی پیرۆزدا نەهاتووە كە دەبێ كچان خەتەنە بكرێن. ئەمە تەنها پەیوەندی بە كولتورەوە هەیە. بێ كولتورییەك كە تیادا كچان دەبێت ئازار بچێژن. لەبەر ترس لە كۆمەڵگا و لەبەر شەرم.

من یەكێكم لەو كچانەی كە لە گەڵ ئەو كارە بەسەرمدا سەپاوە دەژیم. ئەو جێبەجێكارییانەی كە تاوەكو ئێستاش وەكو تاكە ڕێكاری ڕاست تەماشا دەكرێت، بەڵام ئێستا ئێمە زۆربەمان ئارەزووی ئەوە ئەكەین، كە ئیتر كچان نابێت بەو ئەزموونەدا تێپەڕن. بڕوای زۆرێكمان وایە كە داب و نەریت تێكدەرە و دەبێ بگۆڕدرێت.
لەبەر ئەوەی ئەزانین كە هەست بە چی ئەكەین، كە هەر جارێك دەكەوینە سوڕی مانگانەوە، دواجار ئەوە ئێمەین كە لە پەیوەندیدا دەبین بە لەشێكەوە كە ئازاری پێگەیشتووە نەك خۆشی، ئەمە ئەبێت ڕاگیرێت!، بەڵام چۆن؟ چۆن بتوانین خەتەنەكردنی كچان ڕابگرین؟

لە وڵاتی نەرویج ئەم كارە قەدەغەكراوە. لەگەڵ ئەوەشدا كەسی لەسەر سزا نەدراوە. تەنانەت تاكە كەسێكیش لە ڕۆژەوەی یاسای بۆ دەرچووە لە ١٩٩٥ەوە. نزیكەی ٢٠ هەزار كچی نەرویجی خەتەنە كراون، لەبەر ئەوەی لەو وڵاتانەوە هاتوون كە ئەم كارە تێیدا ئاساییە.

ئەمڕۆ لە نێوان ٣ بۆ ٨ هەزار كچ دەنێردرێنە دەرەوەی نەرویج تا ئەو دەستدرێژییەیان بكەنە سەر، هەر بۆیە بە تەنها بە یاساغكردن ناوەستێنرێت، بەڵكو دەبێت شێوازی بیركردنەوەی خەڵكی بگۆڕین. ئەمەوێ ئەوان گوێم بۆ ڕاگرن. لەبەرئەوەی چارەسەر لای هەمووانە، من هەوڵی خۆم ئەدەم. لێرەوە و ئەمڕۆ دەنگی خۆم بەكار ئەهێنم. ئەبێ ئەوە بكەین كە دژ بە ویستی ئەو پیاو و ژنانەی داب و نەریت بكەین، كە ئەیانەوێت بڕیار  بدەن ئێمە چی بكەین.

دەنگ هەڵبڕن. ئەزموونەكانتان بۆ یەكتری بگێڕنەوە. گفتوگۆی لەسەر بكەن. فێربن، بێ دەنگ مەبن لە ئاستی ئازار و شەرمدا، ئێستا ئێوە ئەزانن كە خەتەنەكردن چی بەسەر مرۆڤدا دێنێت. خەتەنەكردن چی بە من كرد. بۆیە داواتان لێ دەكەم: ئەگەر ئێوە ڕۆژنامەنووسن، یان كاریگەریتان هەیە، مامۆستان یاخود قوتابین. كوڕن، كچن، ژنانن یاخود پیاوان.

ئەگەر تۆ سەرۆك وەزیرانی نەرویجی یان سستەرێكی لە شارۆچكەی لاكسەڤۆگ. 
ئەمە پەیامی منە بۆ هەمووان. وەرن با دەنگمان هەڵبڕین.
با بڵێین نەخێر بۆ خەتەنەكردن.



PM:10:22:08/02/2022