نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆدەبنەوە
سبەی بڕیارە مەسعود بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی کۆببنەوە

ئەمڕۆ چوار شەممە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە هەولێر کۆبوونەتەوەو زەمینەیان خۆشکردووە بۆ کۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کە بڕیارە سبەی لە پیرمام سازبکرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، ئەمڕۆ چوار شەممە لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پرۆسەی سیاسی لە عێراق، نێچرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کە جێگری سەرۆکی پارتیشە لەگەڵ قوباد تالەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبۆتەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا زەمینە خۆشکراوە بۆ کۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی بۆ ئەوەی دوا بڕیاری خۆیان لەسەر کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق بدەن کە پشکی کوردە.

ئەو پەرەسەندانەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دێت کە بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ئەمڕۆ لە پیرمام بەڕێوە چوو.

دەربارەی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی، بەپێی زانیارییەکانی " سپی "، پارتی هەستی بەوە کردووە کە ئەگەر دادگای فیدراڵی رێگا بە هۆشیار زێباریش بدات کە لە کێبەرکێی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆماردا بمێنێتەوە، ئەگەرێکی لاوازە بەرامبەر بەرهەم ساڵح سەرکەوتن بە دەستبهێنێت، چونکە بەهۆی ئەو هەڵمەتە میدیایەی لەسەر هۆشیار زێباری بووەو، راگرتنی کاندیدکردنی لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە زەحمەتە لەو کێبەرکێیەدا لەناو پەرلەمانی عێراق سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، هەر بۆیە پارتی دەیەوێت هەنگاوێک بچێتە دواوەو دەرگایەک بەرووی یەکێتیدا بکاتەوە کە پارتی هۆشیار بکشێنێتەوە، بەرامبەر ئەوەش یەکێتی بەرهەم ساڵح بکشێنێتەوەو، هەردوولا رێکبکەون لەسەر کاندیدێکی تر کە تارادەیەک نزیک بێت لە یەکێتی یەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانە گەر سبەی پێنج شەممە یەکێتی و پارتی رێکنەکەون لەسەر کشانەوەی کاندیدەکەیان، ئەوا پارتی لەماوەی ئەو سێ رۆژەدا کاندیدێکی تر پێشنیار دەکات بۆ کێبەرکێ لەگەڵ بەرهەم ساڵح و ئەگەری زۆر هەیە د. فواد حسێن وەزیری دەرەوەی ئێستای عێراق بێت.

هەندێک زانیاری نزیک سەرکردایەتی پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن گەر نێچیرڤان بارزانی بزانێت، بافڵ تاڵەبانی سازش لەسەر بەرهەم ساڵح ناکات و نایکشێنێتەوە لە کاندیکردن، ئەوا رەنگە مەسعود بارزانی ئامادە نەبێت بافڵ تاڵەبانی ببینێت، ئەو دەمە کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەبێت نەک لەگەڵ مەسعود بارزانی، بە پێچەوانەشەوە مەسعود بارزانی ئەو دەمە بافڵ تاڵەبانی دەبینێت کە ئەو ئامادەبێت دەستبەرداری بەرهەم ساڵح بێت، لەو کاتەشدا پارتی دەستبەرداری هۆشیار زێباری دەبێت و هەردووکیان کاندیدەکانیان دەکشێننەوەو لەسەر کاندیدێکی نوێ رێکدەکەون. 

چاودێرێکی سیاسی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە " سپی " راگەیاند ئەو هەنگاوەی حەلبوسی هەڵیگرت و ماوەی سێ رۆژی بۆ سەرلەنوێ خۆکاندیکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار درێژکردەوە، موقتەدا سەدریش لێی ئاگادارەو بەرەزامەندی هەردوولا بووە کە هاریکاری هاوپەیمانەکەیان مەسعود بارزانی بکەن، تا لەو سێ رۆژەدا کاندیدێکی تر دەستنیشان بکات لە بری هۆشیار زێباری.

ئەوەی جێگەی سەرنجە تا ئێستا بێ هەڵوێستی د. بەرهەم ساڵحە، لەو هەنگاوە نا دەستوریەی محەمەد حەلبوسی و درێژکردنەوەی خۆ کاندیدکردن بۆ ماوەی سێ رۆژی تر، حاکم لەتیف مستەفا کە شارەزایەکی باشی بواری دەستورە بە سەرسوڕمانەوە لە وتارێکدا لەسەر ئەو پرسە نووسیوویەتی" سەرۆک کۆمار خۆی پارێزەری دەستورە ، لەجیاتی ئەوەی بەتوندی دژی ئەم سەرپێچیە ( درێژکردنەوەی حەلبوسی ) بھاتایە دەنگ و قبولی نەکردایەو لەدادگای فیدرالیش سکالای لەسەر سەرۆکایەتی پەرلەمان بکردایە، کەچی ئەم نوسراوەی کردوە بۆ دادگای فیدراڵی داوای دیاری کردنی چارەنوسی خۆی دەکات لە دادگا بۆی رون بکاتەوە، ئایا دوای ٣٠ رۆژەکە بەردەوام دەبێ لە پۆستەکەی یان نا؟ وە ئایا فەراغی دەستوری رودەدات لەسەر قەولی خۆی؟".

هەروەها ئەو دادوەرە کە خولی پشووتریش ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە دەڵێت " لە کاتێکدا ھیچ پێویستی بەوە نەدەکرد ، چونکە ھەم بەگوێرەی مادە دەستوریەکەو ھەم بەگوێرەی بریارێکی پێشوی دادگای فیدرالی لەسەر ھەمان بابەت دادگا بریاریداوە کە سەرۆک کۆمار بەردەوام دەبێ تا ھەلبژاردنی سەرۆکی نوێ، جگە لەوە شتێک نیە بەناوی فەراغی دەستوری، ھەموو ئەوانەی ئەو وشەیە بەکار دێنن بە نەزانی بەکاری دێنن و لەیەکتر دەیلێنەوە ، ئەوەی رودەدات لە سبەینێەوە پێشێلی دەستورە نەک ئەوەی پێی دەڵێن فەراغی دەستوری".




 

AM:12:43:10/02/2022