یەکێتی و پارتی بەرەو ڕێککەوتن دەڕۆن
هۆشیار ماڵئاوایی دەکات، بەرهەمیش لە کەناری ماڵئاواییە


مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ئەمشەو کۆدەبنەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشنیارەکانی مەسعود بارزانی کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا خستوویەتە بەردەمیان، ئاراستەی هەردوولاش بەرەو رێککەوتن دەڕۆن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە هۆشیار زێباری کەوتۆتە دەرەوەی گەمەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و، هەرچی بەرهەم ساڵحیشە گەر پارتی و یەکێتی رێبکەون دەبێت ئەویش ماڵئاوایی لە کێبەرکێکە بکات.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی، پێشنیاریکردووە کە پۆستی سەرۆک کۆمار بدرێت بەوان و سەرجەم پۆستەکانی تری بەغدا بدرێت بە یەکێتی.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بارزانی پێشنیاری دووەمیشی لەوەدا بەرجەستە کردووە کە پارتی ئامادەیە هۆشیار زێباری بکشێنێتەوە، بەرامبەر ئەوەش یەکێتی بەرهەم ساڵح بکشێننەوەو، هەردوولا لەسەر کانیدیدێک رێکبکەون بۆ پۆستی سەرۆکی کۆماری نوێی عێراق.

 وەفدی یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بەڵێن و بریارێکیان بە مەسعود بارزانی رانەگەیاندووە، تەنها ئەوە نەبێت کە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوەی لەسەر دەکەن و لە نزیکترین کاتدا وەڵامی پێشانیارەکان دەدەنەوە.

" سپی " زانیوویەتی ئاراستەی زاڵی بیرکردنەوەی هەردوولا بەرەو رێککەوتن دەڕوات و پارتی زۆر سوورنییە لەسەر هۆشیار زێباری بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەتایبەتی کە کێشەی یاسایشی هەیە، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی کە یەکێتی بەرهەم ساڵح بکشێنێتەوە.

لەبەر رۆشنایی ئەو کەشە پۆزەتیفیەی لەنێوان سەرکردایەتی هەردوو حیزبدا دروستبووە، ئەمشەو مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " لە نێو بنەماڵەی تاڵەبانیدا وردە  وردە ئەو رایە زاڵدەبێت کە ناکرێت بەرهەم ساڵح هاوشێوەی مام جەلال دوو خول سەرۆک کۆمار بێت و، هاوشانی ئەو هەشت ساڵ ئەو پۆستەی هەبێت، هەرچی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیشە بەو شێوەیە بیردەکەنەوە کە ناکرێت یەکێتی بکرێت بە قوربانی پۆستی سەرۆک کۆمار.

هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە پارتی دەستبەرداری هۆشیار زێباری دەبێت، هەرچی یەکێتیشە لەگەڵ نزیک بوونەوەی وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان پاڵپشتی خۆی لە بەرهەم ساڵح دەکشێنێتەوەو  لەگەڵ پارتیدا بەرەو رێککەوتنێکی تر دەڕۆن



PM:07:10:10/02/2022