سەرۆكی پەرلەمان: بەو هیوایەی گەڕانەوەیان مام جەلال ببێتە هەوێنی تەبایی و یەکڕیزیی

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەناو خۆی‌و پەرلەمانی كوردستان پەیامێك بە بۆنەی گەڕانەوەی تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری عێراق بڵاودەكاتەوە.

دەقی پەیامەكە:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
بەبۆنەی گەڕانەوەی بەڕێز مام جەلال سەرۆک کۆماری عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆ هەرێمی کوردستان و باشبوونی تەندرووستی بەڕێزیان، بەناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستانەوە پیرۆزبایی وخۆشحاڵی خۆمان دەردەبڕین و، هیوای تەمەندرێژی و چاکبونەوەی تەواویان بۆ ئەخوازین.
بێگومان بەڕێز مام جەلال، خاوەن ئەزموون و خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕیی زیاتر لە نیو سەدەیە و کەسایەتییەکی دیاری سیاسی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیە و هەمیشە ڕۆڵی هەبووە لە نزیککردنەوەی هێزە سیاسییە جیاوازەکانی کوردستان وعێراق.
هاتنەوەی بەڕێزیان بۆ وڵات لەکاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە قۆناغێکی نوێدا تێدەپەڕن و، ئاسۆیەکی نوێ بۆ گەلەکەمان هاتۆتە کایەوە. بەو هیوایەی باشبوونی تەندرووستی بەرێزیان و گەڕانەوەیان بۆ کوردستان ببێتە هەوێنی تەبایی و یەکڕیزیی زیاتری هێزە سیاسییەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.

یوسف محەمەد سادق
                                    سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
١٩-٧-٢٠١٤



PM:04:25:19/07/2014