ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی هێرشی توند دەكاتە سەر پارتی

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" ئەگەری هەمواری دەستوریش هەیە، لەوانەشە قەوارەی هەرێمیش ڕووبەڕووی مەترسی جدی ببێتەوە". 

بێستون سابوراوایی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسوک نوسیویەتی" کاتێک وتیان ڕیفراندۆم مەکەن و ئەگەر دەشیکەن پەلەمەکەن با بەغداش ڕازی بێت، وتیان یەک تۆز حساب بۆ کەس ناکەین، کاتێک وتیان جارێ وەختی ئابوری سەربەخۆ نیە و نەوتی خۆتان هەرزان فرۆش مەکەن، وتیان نەوت نەوتی خۆمانە و کەیف کەیفی خۆمانە و یەک قەترەش نادەین بە بەغدا و یەک تۆز حساب بۆ کەسیش ناکەین". 

ئەوەشی خستەڕوو،  کاتێ وتیان داهاتە گشتیەکان بۆ خزمەتی خەڵک خەرج بکەنەوە، وتیان داهاتەکان بۆ خەڵک پاشەکەوت دەکەین و حساب بۆ کەس ناکەین، کاتێک وتیان با حکومەتی هەرێم یاسای بودجەی گشتی و حساباتی کۆتاییساڵی هەبێت، وتیان ئەوەی داوای زانینی بودجە دەکات دەستی دەرەکی لەپشتە و یەک تۆز حسابیان بۆ ناکەین.

ئەو سەركردایەتییەی یەكێتی باسی لەوەشکردوە، کەچی دادگای فیدراڵی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی ڕەتکردەوە و کەسیش نەیتوانی فززە بکات، کەچی مەحکەمەی ئیتیحاد  سەربەخۆیی ئابوری ڕەتدەکاتەوە و نەت و داهاتەکانیشی لە بن دەستی هەرێم دەردەهێنێ و  لەوانەیە بمانداتە مەحکەمەی نێودەوڵەتیش، ئەودەم هانا بۆکوێ دەبرێت؟.

سابوراوایی لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا دەشڵێت" لەگەڵ بەهێزبوونی باسکی حکومەتی بەغدا مەرج و کۆتەکان لەسەر حکومەتی هەرێم توندتر دەکرێن و دەڵێت: ئەگەری هەمواری دەستوریش هەیە و لەوانەشە قەوارەی هەرێمیش ڕووبەڕووی مەترسی جدی ببێتەوە". 


PM:07:15:15/02/2022