راگەیەنراوی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی سەبارەت پاڵپشتی دارایی خوێندكاران


‌‎نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە سێ رۆژی داهاتوودا پاڵپشتی دارایی بۆ خوێندكاران خەرج دەكرێت، ئەگەر لەو ماوەیەشدا خەرج نەكرا، بافڵ تاڵەبانی پاڵپشتی داوای مەدەنی خوێندكاران دەكات.

نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاندووە "بافڵ تاڵەبانی بەڵێنی دابوو لەڕێی تیمی یەكێتی لە حكومەت فشار دروست بكات تاوەكو خوێندكاران ئەو مافەی خۆیان وەربگرن و پاشان حكومەت بڕیاری پاڵپشتی دارایی خوێندكارانی دا".

بەپێی راگەیەنراوەكە "‌‎بەڵام بەھۆی دواكەوتن و جێبەجێ نەكردنی ئەم بڕیارە تا ئێستا، كە بۆتە ھۆی ناڕەزایی لەناو خوێندكاران، بافڵ تاڵەبانی لە پەیوەندی بەردەوامدایە و ھەموو ھەوڵێكی خستۆتەگەڕ بۆ چارەسەركردنی و بەڵێن بە خوێندكارانی ئازیز دەدات كە لەماوەی سێ رۆژی داھاتوودا ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت و ئەبێت بەبێ ھیچ ئاستەنگێك پاڵپشتی خوێندكاران خەرج بكرێت لەپێناو وەرگرتنی مافی خوێندكاران و ڕانەگرتنی خوێندن لە زانكۆكاندا".

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە، ‎ئەگەر تاوەكو ئەم چەند رۆژە ئەم گرفتە چارەسەر نەكرا بافڵ تاڵەبانی خۆی پشتیوانی لە خوێندكاران دەكات بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەكانیان بە شێوەیەكی مەدەنی.



PM:10:37:19/02/2022