هەڵبژاردنى شارەوانی گەلى مەخمور بەڕێوەدەچێت

بەیانی ئەمڕۆ هەینی هەڵبژاردنی گەلى مەخمور بۆ دیارییکردنى هاوسەرۆکان و ئەندامانى ئەنجومەنى شارەوانى دەستیپێکرد. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، کاتژمێر (٨:٠٠)ى بەیانی ئەمڕۆ لە کامپى پەنابەرانى شەهید ڕۆستەم جودى لە شارۆچکەى مەخمور هەڵبژاردن بۆ دیارییکردنى هاوسەرۆکان و ئەندامانى ئەنجومەنى شارەوانى دەستیپێکرد.  

هەربەپێی زانیارییەکان، بڕیارە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە تا کاتژمێر (٥:٠٠)ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام هەبێت، هاوکات چوار کەس بۆ هاوسەرۆکایەتی کێ بڕکێ دەکەن، کە پێویستە (ژنێک و پیاوێک) دیاری بکرێن، هەروەها بۆ بوون بە ئەندامی ئەنجومەنى شارەوانىش (٢٥) کەس خۆیان کاندید کردووە، کە پێویستە حەوت کەسیان هەڵبژێردرێن.

لە مەخمور دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردن بە مەبەستى دیارییکردنى ئەندامانى ئەنجومەنى شارەوانى و هاوسەرۆکانی شارەوانی ئەنجام دەدرێت. 


PM:01:05:25/02/2022