وەزارەتى دارایی لەبارەی هۆکارى دابەشنەکردنى مووچەی فەرمانبەران روونکردنەوە دەدات

کەمێک پێش ئێستا وەزارەتى دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هۆکارى دابەشنەکردنى مووچەی فەرمانبەران روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی کە گوایە چاوگێک لە وەزارەتی دارایی پێی راگەیاندون موچە ئامادەیە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیان نەداوە رەتدەکەینەوە و ڕایدەگەیێنین کە هیچ بنەمایەکی نییە". 

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

کەناڵی ئێن ئار تی، بە نەفەسێکى دەمارگیرانە خەریکی یاریکردنن بە پرسى مووچەى فەرمانبەرانى حکومەتى هەرێم ئەویش بە بڵاوکردنەوەى هەواڵى نادروست کە دەیانەوێت ڕای گشتى بەلاڕێدا بەرن.

ئەو کەناڵە ئاماژەی بەوە داوە گوایە چاوگێک لە وەزارەتی دارایی پێی راگەیاندوون مووچە ئامادەیە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیان نەداوە. ئێمە لە وەزارەتی دارایی سەرلەبەری ئەو هەواڵە رەتدەکەینەوە و ڕایدەگەیه‌نین کە هیچ بنەمایەکی نییە.

حکوومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی مووچەی موچەخۆرانی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢، لە داهاتی مانگی دووی هەمان ساڵ تەمویل کردووە، هەروەها بۆ موچەی مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠٢١، بە داهاتی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢ تەمویل کراوە، پێشتریش لە بڵاکراوەیەکدا ئەم روونکردنەوەیە بە ڕای گشتی دراوە.

داوا لە گشت میدیاکان دەکەین خۆیان لە زانیاری هەڵە دووربخەن و بە پێچەوانەوە بەرامبەر بە یاسا بەرپرس دەبن.

هاوپێچ/ هەر دوو ڕوونکردنەوەمان سەبارەت بە دابەشکردنی موچەی مانگی 2021/12 و لە بەرواری 2021/12/18، موچەی مانگی 2022/1 لە ڕێکەوتی 2022/2/16 لە پێگەی فەرمی وەزارەتمان بڵاوکراوەتەوە.


PM:05:12:01/03/2022