وڵاتێكی ئەوروپا بە چەك هاوكاری ئۆكرانیا دەكات


وەزارەتی دەرەوەی سوید رایدەگەیەنێت "مۆسكۆ هێرشی كردۆته ‌سەر وڵاتێكی دیموكرات و ئازادیخواز، ئێمە بە چەكی دژە تانك هاوكاری ئۆكرانیا دەكەین".

ئان لیندە، وەزیری دەرەوەی سوید بە كوردستان24ی راگەیاندوە "ئێمە راستەوخۆ ھیچ ھەڕەشەیەكی سەربازیی بۆ سەر سوید نابینین، بەڵام كاتێك كە رووسیا ھێرشی سەربازیی دەكاتە سەر وڵاتێكی دیموكرات و ئازادیخوازی وەكو ئۆكرانیا، بێگومان فشار دەكەوێتە سەر خەڵك و بەرپرسانی وڵاتەكانی دەوروبەریشی، ھەر بۆیە ئەمە فشارە بۆ سەر سویدیش".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "سەبارەت بە پەنابەران وەزیرەكانی ناوخۆی ئەروروپا بڕیاریان داوە ئاسانكاری بكەن. ئێستا بارودۆخەكە زۆر ئاڵۆزە، بەڵام سوید لە بواری ئاسایش و چەكەوە وڵاتێكی ئازادە و كەس ناتوانێت ناچاری بكات بۆ ھیچ كارێكی سەربازیی".

وەزیری دەرەوەی سوید وتویەتی "ئێمەش وەك فینلاند پەیوەندییەكی زۆر نزیكمان لەگەڵ ناتۆ ھەیە، پەیوەست بە چەك و كەرەستەی سەربازیی، لەگەڵ وەزیرانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ پەیوەندیمان ھەیە، ھەروەھا رێكەوتمان لەگەڵ نزیكەی 30 وڵات و رێكخراو ھەیە. لەگەڵ ئەوەی ئێمە بەرگرییەكی زۆر بەھێزمان ھەیە، بەڵام سەرۆك وەزیران داوای كردووە، كە لە بواری بەرگری دەبێت لەوەش زیاتر و بەهێزتر بكرێت، ھەر بۆیە حكومەت ئێستا بڕیاریدا 5 هەزار چەكی دژە تانك بۆ ئۆكراینا بنێرێت". 



PM:03:45:04/03/2022