بارزانی: سەرباری بوونی زوڵم و تۆقاندن، مرۆڤی کورد هەمیشە ویستی ئازادیخوازی هەبووە

سەرۆکی پارتی له‌ ساڵیادی راپه‌ڕیندا په‌یامێكی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت" سەرباری بوونی زوڵم و تۆقاندن، ویستی ئازادیخوازی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کورددا هەبووە و دەشمێنێ". 

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕاپەڕین یەکێکە لە سەروەری و دەستکەوتە گرانبەهاکانی گەلی کوردستان، سەرباری بوونی زوڵم و تۆقاندن، ویستی ئازادیخوازی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کورددا هەبووه و دەشمێنێ، شانازییەکی تری ڕاپەڕین یەکڕیزیی گەل و پێشمەرگە و لایەنە سیاسییەکان و پلان و دووربینیی سەرکردایەتی سیاسی کورد بوو. 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ڕاپەڕین بۆ گەلی کورد دەرفەت بوو بۆ ئەوەی جیهان لە ئێش و ئازاری گەلی کوردستان بەئاگا بێتەوە و، بۆ پاراستنی گەلی کوردستان هەنگاوی کردەیی بنێت، هەروەها دەرفەتێکی بێوێنە بوو بۆ پشتبەستن بە تواناكانی گەلی كوردستان و، وەرگرتنەوەی ئەو مافانەی ساڵانی دوورودرێژ زەوتكرابوون.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕاپەڕیندا گەلی کوردستان، نموونەی بەها و ڕەوشتبەرزی و فەرهەنگی خۆیشی پێشانی جیهانیان و ناوچەکە دا، بە هەزاران سەربازی سوپای ڕژێم کەوتنە دەست خەڵک و پێشمەرگە، بەڵام تەنانەت یەک کەسیشیان ئازار نەدران و سەرپشک کران کە بچنە دەرەوەی وڵات، یان لە کوردستان بمێننەوە، یان بگەڕێنەوە ناو حکوومەت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی پارتی جەخت لە پەیامی ئاشتی و ئازادیخوازیی گەلی كوردستان دەكاتەوە و دەڵێت" ئەم پەیامە دەبێ بۆ تاهەتایە بەرز و زیندوو بمێنێتەوە". 


AM:11:01:05/03/2022