(بێریڤان ئەیوب) بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادرا

بێریڤان ئەیوب، ژنە چالاكوانی دەڤەری ناوچەی بادینان ئەمڕۆ لەلایەن دادگای بەرایی هەولێرەوە سزای دوو ساڵی زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

 

بەشدار حەسەن، کە یەکێکە لە پارێزەرانى دۆسیەى دەستگسرکراوانى بادینان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" چاوەڕوانی ئازادکردنی بێریڤان ئەیوب و پوچەڵکردنەوەی ئەو تۆمەتانە بووین کە خراوەتە پاڵی، بەڵام دادگا بڕیاری دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە، وتیشی لە هەر ساڵێک سێ مانگ بۆ بێریڤان کەمدەکرێتەوە و دەبێت ئازاد بکرێت".

 

لەگەڵ ئەوەشدا، کامەران عوسمان ئەندام لە رێکخراوی ئەندامانی تیمی كوردستانی عێراقی CPT بە سپی راگەیاند "لەلایەکی ترەوە بێریڤان تۆمەتباركرابوو بە ئەندامبوون لە گروپێكی ٩ كەسی بۆ ھێرشكردنە سەر دوو كۆمپانیای توركی و بە ئامانج گرتنی كۆمەڵێك دیپلۆماتكاری توركی و سەركردەی حزبی پارتێكی سیاسی باڵادەست لە ھەرێم، لەگەڵ ئەوەش دا، ھیچ بەڵگەیەك نەخرایە ڕوو كە ئەو تۆمەتانە بسەلمێنێت، تاكە بەڵگە گفتوگۆی مەسنجەر و واتس ئەپ بوو، بەڵام بێریڤان ھەموو بەڵگە و تۆمەتەكانی ڕەتكردەوە".

 

هەروەها بەھۆی ئەوەی كە نزیكەی ١٧ مانگە ناوبراو لە زینداندایە، بۆیە ڕۆژی ١٣ی٤، واتە مانگێك و ٧ ڕۆژی تر بێریڤان ئازاددەكرێت.

 

 

بێریڤان ئەیوب حەسەن تەمەنی (٣٦) ساڵە و خاوەنی پێنج منداڵە، چالاکوانێکی خۆپێشاندانەکانی ساڵی (٢٠٢٠)ی پارێزگای دھۆکە و لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ەوە، لە پارێزگای ھەولێر بەپێی ماددەی یەک لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ کە تایبەتە بە "تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی" دەستگیرکراوە.

 

 

 

 

 



PM:12:25:06/03/2022