وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسانی سەربازی هۆڵەندا دۆخی پێشمەرگە تاوتوێ دەكەن


وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسێكی سەربازی هۆڵەندا لە هەرێم جەخت لەسەر باشتركردنی گوزەرانی پێشمەرگە دەكەنەوە.

بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ كۆڵۆنێڵ پاوڵ، راوێژكاری باڵای سەربازی هێزەكانی هۆڵەندا لە هەرێم كۆبۆوە، لەكۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆ كرا لەسەر میكانیزمەكانی باشتركردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە. 

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردوە، وەزیری پێشمەرگە، جەختیكردەوە لەسەر گرنگی و كاریگەری فراوانی راوێژكارانی هۆڵەندا و هاوپەیمانان لەسەرخستن و باشتركردنی هێزەكانی پێشمەرگە و پابەندبوونیان بە دیسپلینە سەربازییەكان. 

لە بەرامبەردا كۆڵۆنێڵ پاول، رایگەیاند "هەنگاوەكانی چاكسازی وەزارەت، هاوتایە لەگەڵ باشتركردنی دۆخی پێشمەرگە، وەكو هاوپەیمانان لەپشتگیری و هاوكاری وەزارەت لەبەرامبەر ئەو پڕۆسەیە بەردەوام دەبن".
 
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە هەردوولا بە گرنگییەوە تاوتوێی هەنگاوەكانی ئێستای وەزارەتی پێشمەرگەیان، لە ‌پڕۆسەی خانەنشینی و پرسی پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەران و رێكخستنەوەی هێزەكان كرد.



PM:08:36:06/03/2022