ئەمڕۆ دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەدین دابەش دەکرێت

بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر چەکی بانکیی دەرماڵەی خوێندکاران وەربگرن و دەرماڵەکە بەسەر خوێندکاراندا دابەش بکرێت.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی ئاداری ٢٠٢٢، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، د.کامەران یونس محەمەدئەمین، ڕایگەیاند  "بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ژمارەیەک لە کۆلێژەکانی زانکۆی سەلاحەددین چەکی بانکی وەربگرن و بچنە بانکەکان بۆ ئەوەی دەرماڵەی خوێندکاران وەربگرن، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە پارە هەیە و لەبەردەستە و بە کۆلێژەکانمان راگەیاندووە هەوڵ بدرێت هەر ئەمڕۆ کاتی زیاتریش بمێننەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت دەرماڵەی خوێندکاران دابەشبکرێت".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشە ناوخۆییەکانیان و گەڕاندنەوەی دەرماڵەکانیان، خۆپیشاندانیان ئەنجام داو دواجار ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لە بارەی پێدانی دەرماڵەری خوێندکاران دەرکرد.

 



AM:11:57:08/03/2022