بەبۆنەی هەشتی مارس لە سلێمانی گردبوونەوەیەک ئەنجام درا

بەبۆنەی ٨ مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بەشێک لە ژنان و ناوەندی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان گردبونەوەیەکیان ئەنجامدا. 

پەیامنێرمان لە شاری سلێمانی پێی ڕاگەیاندین" ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێکخراوەکانی ژنان و داکۆیکاران لە مافەکانی ژنان بۆ ڕێگرتن لە ژنکوشتن لە کوردستان لەبەردەم پزیشکی دادوەری لە شاری سلێمانی بە بەرزكردنەوەی دروشمی جیاواز گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا". 

هاوکات هەر ئەمڕۆ ناوەندی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسیان لەوەکرد، بەداخەوە هەرێمی کوردستان لەم هەل و مەرجی پڕ قەیرانی سیاسی و ئابوری و پەروەردەی و کۆمەڵایەتیدا، ژن بووە بە قوربانی قەیرانەکان و کوشتن و ئیهانە پێکردن و مافە  پێشێلکردن و مافە شایستەکان و شکاندنی شکۆ و بەکاڵاکردنی لە حاڵەتەوە بەرەو دیاردە هەڵدەکشێت. 

ئەوەش هاتووە" ئێمە لە ناوەندی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان جەخت لەوە دەکەینەوە، هەموو جۆرە توندوتیژی و کوشتن و ئیهانە پێکردنێک ئیدانە دەکەین لە ژێر هەر بیانوو و پاساوێکدا بێت و داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین، بکوژان و تاوانباران سزا بدرێن".


PM:05:30:08/03/2022