شاسوار عەبدولواحید پەیوەندی بە سەڵاحەدین بەهادین و عەلی باپیرەوە دەكات


شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پەیوەتدی بە سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی و عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەرییەوە كردووە بۆ ئەوەی هەرسێكیان وەك لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەم دۆخە هەڵوێستیان دەربڕن، ئەوانیش پێیان راگەیاندووە كە وەڵامی دەدەنەوە.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت "ماوەی دوو رۆژە پەیوەندیم بە سەڵاحەدین بەهادین و عەلی باپیر، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و سەرۆكی كۆمەڵی دادگەرییەوە كردووە تایبەت بە هەڵوێستێكی یەكلایەنانەی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بەم هەموو ناحەقی و زوڵمەی كە دەكرێت لە هاوڵاتییان، هەردوو لایان پێیان راگەیاندم كە تاوتوێی بابەتەكە دەكەن و بە زوترین كات وەڵاممان لێ دەگێڕنەوە تا پێكەوە و بەپەلە دانیشتنێك بكەین".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە پێمان وایە كە هەمیشە كاری پێكەوەی و یەكگرتنی هەموو لایەن و كەسایەتییە نارازییەكان، كلیلی سەركەوتنە، دڵنیام هەردوو لایەنی سیاسی (یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری) هەڵوێستێكی رون و ئاشكرایان دەبێت و وەڵامیان دەبێت بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەیەكی سێ قۆڵی و یەكخستنی تواناكان".

شاسوار عەبدولواحید وتویەتی "من بەشبەحاڵی خۆم هەرچەندە چەند جارێكی تر چومەتە لای هەردوو مامۆستا، بەڵام لە ئێستاشدا كێشەم نییە كۆبونەوەكە لە هەر جێیەك و لە هەر ماڵێكدا ئەنجام بدرێت، ماڵی من ماڵی ئەوانە و ماڵی ئەوانیش بە ماڵی خۆم دەزانم".

ناوبراو دەڵێت "راستیەكەی چاوەڕێی هەڵوێستی كۆتایی ئەوانم  بۆ ئەوەی وەك نەوەی نوێ هیچ هەڵوێستیكی تاك لایەنەمان نەبێت و تۆمەتبار نەكرێین بە تاكرەوی، هەرچەندە خۆمان و پەرلەمانتارامان ، وە لە میدیا و سۆشیال میدیاوە درێخیمان نەكردوە و نایشیكەین و بەردەوامیش دەبین".



PM:10:25:09/03/2022