مەسرور بارزانی: کورد هەمیشە باوەڕی بە دانوستان و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان هەیە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم پەیامێکی بەبۆنەی ساڵڕۆژی رێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەم ڕێککەوتننامەیە پەیامێکی ڕوونی گەلی کوردستان بوو، کە هەمیشە باوەڕی بە دانوستان و گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان هەیە". 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئه‌مڕۆ (٥٢) ساڵ به‌سه‌ر ڕێككه‌وتننامه‌ی یازده‌ی ئاداری (١٩٧٠) تێده‌په‌ڕێت، كاتێک شۆڕشی گەلی کوردستان بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی حکومەتی ئەوکاتەی عێراقی ناچار کرد، دان بە بەشێک لە ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردستاندا بنێت". 
 
ئەوەشی خستەڕوو، ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار، ئەنجامی خۆڕاگری و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی کوردستان بوو لە شۆرشی مەزنی ئه‌یلوول کە خاوەنی چەندین داستان و دەسکەوتی گه‌وره‌ و مێژووییە، ئەم ڕێککەوتننامەیە پەیامێکی ڕوونی گەلی کوردستان بوو کە هەمیشە باوەڕی بە دانوستان و گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان هەیە. 

بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا باس لەوەش دەکات، هێشتا خەڵکانێک هەن دەیانەوێ نکۆڵی لە مافەكانی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی بکەن، بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافەکانمان نابین و هەموو كاتێكیش ئامادەین لەسەر بنەمای دەستوور، گفتوگۆیەکی به‌رهه‌مدار بکەین به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان.


AM:10:27:11/03/2022