قەیس خەزعەلی داوایەک لە یەکێتی و پارتی دەکات

ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق داوا لە هێزە کوردیەکان دەکات و، وەک سونە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار رێکبکەون.

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توریتەر ئەمڕۆ ١١ ی ئازار، قەیس خەزعەلی لە پۆستێکدا دەڵێت " هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان زۆر خێرا بوو چونکە هێزە سوننەکان لەناو خۆیاندا پێکهاتن، پێمان وایە دەبێت هێزە کوردییەکانیش هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ گەیشتن بۆ ڕێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، هەروەها هێزە شیعییەکانیش لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران".

ئەو سەرکردەیەی شیعە لە نزیکە لە ئێرانەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەیە، دەشڵێت" هەموو ئەوانە بۆ تەواوکردنی کابینە و پێکهێنانی حکومەت بە زووترین کات، چونکە پێکهێنانی حکومەت ئامڕازە نەک ئامانج بە تایبەت کە ئێستا دۆخی ئابوری خراپتر دەبێت."
  
ئەوە لە کاتێکدایە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار کە پۆستێکی سیادیە و دەسەڵاتەکانی سنوردارە، یەکێتی و پارتی بە دوو ئاراستەی جیواز کاردەکەن و ناکۆکیەکانیان گەیشتۆتە ئاستی شکاندنی ئێسکی یەکتری. 



PM:07:38:11/03/2022