وەزیرێكی كوردی پێشووی عێراق بە كوشتنی كەسێك تۆمەتبار دەكرێت


ئێوارەی ئەمڕۆ هاوڵاتییەك لەسنوری پارێزگای دهۆك كوژرا، وەزیرێكی كوردی پێشووی عێراقیش بە كوشتنی ئەو هاوڵاتییە تۆمەتبار دەكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی (سپی) كاتژمێر ٤ی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، وەزیرێكی پێشووی حكومەتی عێراق كە لەسەر حیزبێكی ئیسلامی ئەو پۆستەی وەرگرتبوو، بەڵام دواتر وازی هێنا و دەنگۆ هەبوو بووبێتە پارتی، چوەتە سەر ماڵی (حەجی كامیران پیرەفاتی) كەسایەتی عەشیرەتی دوسكی لە باخەكەی لە گوندی پیرەفاتێ لە پارێزگای دھۆك، دوای نیو كاتژمێر فیشەكێكێی پێوە ناوە و كوشتویەتی.

هەر بەپێی زانیارییەكان "هەندێك لە كەسە نزیكەكانی ئەو وەزیرەی پێشوو  دەڵێن پاسەوانەكانی ئەو كارەی كردوە، بەڵام بەپێی قسەی كەسە نزیكەكانی كوژراوەكە و شایەتحالەكانیش، ئەو وەزیرەی پێشوو پاسەوانی لەگەڵ نەبوە و خۆی كارەكەی ئەنجامداوە".

زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن "پێشتر حەجی كامیران گفتوگۆی لەگەڵ ئەو وەزیرەی پێشوو كردبوو لەسەر ئەو زەوی و مۆلكەی كە ئەو وەزیرە  لە گوندی پیرەفاتێ ڤێلا و باخی تێدا دروستكردوە و داگیری كردوە و بەپێی یاسا و تاپۆ زەوی حەجی كامیران بووە، بەڵام ئەو وەزیرە سوور بووە لەسەر ئەوەی مولكەكەی ناگەڕێنێتەوە".





PM:10:50:18/03/2022